لە ئەڵمانیا مشتومڕ لەسەر ئەردۆغان: تورک نابنە بەشێک لە کۆمەڵگەى ئێمە

دواى ئەوەى دەنگدەرانى تورکیا لە ئەڵمانیا لە هەڵبژاردنەکانى ٢٤ى حوزەیراندا دەنگیان بە رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ سەرۆکایەتیى کۆمارى تورکیا دا، مشتومڕ لەبارەى ئەوەى هاووڵاتییانى تورکیا دەبنە بەشێک لە وڵات و کۆمەڵگەى ئەڵمانیا دەستپیپێکرد.

دەنگدەرانى تورکیا لە ئەڵمانیا لە هەڵبژاردنەکانى ٢٤ى حوزەیرانی ٢٠١٨ / ٣ى پووشپەڕ دا، بە رێژەى ٦٤.٧% دەنگیان بە ئەردۆغان دا و بەڕێژەى ٥٥.٦%یش دەنگیان بە ئاکەپە دا. ئەردۆغان زۆرترین دەنگى ئەوروپاى لە ئەڵمانیا بەدەستهێناوە.

ئەو دەنگدانە بۆ دیکتاتۆر ئەردۆغان رۆیشتوون، لە وڵاتى نەمسا و بە دواى ئەویشدا لە وڵاتى ئەڵمانیا مشتومڕی ئاوێتە بوونى هاووڵاتییانى تورکیا لەگەڵ وڵات و کۆمەڵگەى نەمسا و ئەڵمانیاى لێکەوتووەتەوە.

ئان نگرێت کرامپ کرێن باوێر سکرتێرى گشتیى حیزبى سۆسیال دیموکرات کریستیان (CDU)ی ئەنگێلا مێرکل راوێژکارى ئەڵمانیا وتی، لە بابەتى ئاوێتەبوونى هاووڵاتییانى تورکیا لەگەڵ کۆمەڵگەى ئەڵمانیادا کێشەى هەیە.

کرامپ کرێن باوێر وتى، ٦٥%ی هاووڵاتییان و دەنگدەرانى تورکیا لە ئەڵمانیا پشتیوانى لە ئەردۆغان دەکەن و وتیشی "بەهۆى هەڵەکانى پێشوو لە بوارى ئاوێتەکردندا، دەبێت بیر لەوە بکەینەوە، کە چ لە نێوان ئێمە و ئەو کەسانەدا هەیە، کە لە تورکیا هاتوون بۆ ئەڵمانیا و هێشتا هەر خۆیان بە تورک دەزانن نەک ئەڵمانی".

 میدیاکانى ئەڵمانیا لەو بارەیەوە زۆر بابەتیان بڵاوکردووەتەوە، بەڵام رژێمەکەى مێرکل لە دڵەوە دەیەوێت درێژە بە هاکاریییەکانى بدات بۆ رژێمى فاشیستیى تورکیا. مێرکل پیرۆزبایى لە ئەردۆغان کرد و پەسنى باشی رێککەوتن بۆ پێشگرتن لە چوونى پەنابەران لە تورکیاوە بۆ ئەوروپا دەکات. ئەو رێککەوتنەش مشتومڕی زۆرى لە ئەوروپادا لێکەوتووەتەوە. رێکخراوەکانى بوارى مافەکانى مرۆڤ و پەنابەران دەڵێن، ئەو رێککەوتنە لە دژى مافەکانى مرۆڤ و مافە نێونەتەوەییەکانە.

ئالیس وایدە سەرۆکى فراکسیۆنى حیزبی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا (AfD) داوایکردووە، رێککەوتنى پەنابەران لەگەڵ تورکیا هەڵبوەشێنرێتەوە.

سارا وایگن کنێت سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى چەپى ئەڵمانیا لە دواى "سەرکەوتنى" ئەردۆغان داوایکرد، کۆتایى بە دانوستانەکانى نێوان تورکیا و یەکێتیى ئەوروپا، بۆ بە ئەندامبوونى تورکیا لە یەکێتیى ئەوروپا، بهێنرێت.

لە کاردانەوەیەکى تردا بەرامبەر ئەو کەسانەى دەنگیان بە ئەردۆغان داوە جۆهان گودینوس سەرکردە لە حیزبى ئازادیخوازى نەمسا (FPO)، کە حیزبێکى راستڕەوی توندڕەوە رایگەیاند، ئەوانەى دەنگیان بە ئەردۆغان داوە، تورکیا باشترە بۆیان.

ر.م