لە سویسرا کۆمەڵکوژی پاریس ئیدانەکرا

لە شاری بێرن-ی پایتەختی سویسرا لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیی پاریس لەبەردەم باڵیۆزخانەی فەڕەنسا چالاکییەکی ئیدانەکردن بەڕێوەچوو.

لەسەر بانگەوازی یەکێتی ژنانی کورد لە سویسرا (یەژەکە-س) لە بەردەم باڵیۆزخانەی فەڕەنسا چالاکییەک بەڕێوەچوو، لە چالاکییەکەدا وێنەی یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە ساکینە جانسز نوێنەرانی کەنەکە لە پاریس فیدان دۆغان و ئەندامی بزووتنەوەی گەنجان لەیلا شایلەماز بەرز کرانەوە.

 لە چالاکییەکەدا بەبێ وچان دروشمەکانی 'ژن، ژیان، ئازادی، سارا، رۆناهی'، 'بکوژ ئەردۆغان' و 'ئەوروپا خەرج دەکات، تورکیا دەکوژێت' بە دەنگی بەرز وترانەوە، هاوکات بە زمانی ئەڵمانی و فەرەنسیش بڵاوکراوە خوێندرانەوە.

لەو بڵاوکراوانەی خوێندرانەوە ئەوە بەبیر هێنرایەوە کە وێرای ئەوەی ٧ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی پاریس تێدەپەڕێت، هێشتا دەوڵەتی فەرەنسا کۆمەڵکوژییەکەی روون نەکردوەتەوە و تێیدا هاتووە: "ئەگەر دەوڵەتی فەرەنسا ئەو کۆمەڵکوژییە روون نەکاتەوە، هاوکار و بەرپرسیاری ئەو کۆمەڵکوژیەکەیە، داوا لە فەرەنسا دەکەین کە کۆمەڵکوژییەکە روون بکاتەوە".

لە بەردەوامی چالاکییەکەدا دۆسییەیەک سەبارەت بە داواکاریی روونکردنەوەی کۆمەڵکوژییەکە کە ئامادە کرابوو، لە لایەن دەستەیەک بەناوی چالاکوانان رادەستی بەرپرسانی باڵیۆزخانەی فەڕەنسا کرا، هەروەها ئالای ڕەش لەبەردەم باڵیۆزخانەکەش دانرا.

لە کۆتایی چالاکییەکەدا بانگەوازی بۆ بەشداریکردنی چالاکی و خۆپیشاندانی ١١ی ئەم مانگە لە پاریس کرا.