لە هێرشێکی ئەمەریکادا ٥٠ ئەندامی تالیبان لە ئەفغانستان کوژران

فەرمانداری هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان و هاوپەیمانیی ناتۆ جۆن نیکڵسن ئاشکرایکرد، کە لە ئۆپەراسیۆنێکیاندا دژ بە سەرکردەکانی تالیبان، زیاتر لە ٥٠ ئەندامی تالیبان کوژران.

ژەنەراڵ نیکڵسن لە وەزارەتى بەرگریى ئەمریکا (پنتاگۆن) بە ڕێگەی تەلەفۆنەوە لێدوانی بۆ ناوەندەکانی ڕاگەیاندن دا و وتی "پاش ئەوەی هێزەکانی تالیبانیان لە هەرێمی فاراه تێکشاندووە، هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی تالیبان و دوایان کەوتوون.

ژەنەڕاڵە ئەمەریکییەکە ڕوونیشی کردەوە، تالیبان هێزەکانیان گەڕاندووەتەوە بۆ هێلمەندی باشوور، هێزەکانى ئەمریکا چاودێریى ئەو هێزانەى کرد و لە ڕۆژی ٢٤ی گوڵانیشدا لە شارۆچکەی موسا کالا، لە بارەگایەکدا کە ناوەندی فەرماندەیی تالیبانە، ئەو هێزانە شوێنپێیان هەڵگیرا و شوێنەکەیان دەستنیشانکران.

نیکڵسن وتیشی "کۆمەڵێک لە بەرپرسانی تالیبان بە مەبەستی گفتوگۆ دەربارەی ئۆپەراسیۆنی فاراه کۆبووبوونەوە. لە ئەوان وایە کە لە شارۆچکەی موسا کالا کۆبوونەوەیەکی بە پەلە و نائاسایی هەیە، بەڵام ناوەندی سیخوڕیی ئێمە توانیان جێگەی ئەو کۆمەڵە بەرپرسەی تاڵێبان ئاشکرا بکەن و بە سەرکەوتوویی گورزیان لێ وەشاندن".

ژەنەڕال نیکڵسن ئاشکراشیکرد، ئەو کۆمەڵە کەسە چالاکانە کاری هۆشبەر و تریاکیان دەکرد و وتیشی "ناتوانم بڵێم ئەو ئۆپەراسیۆنە گرنگیی ستراتیژیی هەیە، بەڵام هەرچۆنێک بێت لە ئاستی خۆجێیدا زۆر گرنگە".

بە گوێرەی زانیارییەکانی فەرماندەیی ئەمەریکا لە ئەفغانستان، لەو ئۆپەراسیۆنەدا دوو سەرکردەی گرنگی تالیبان کە هیلمەند'یان کۆنترۆڵ دەکرد کوژراون. یەکێکیان ناوی عەبدول مەنان'ە. هاوکات ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی باڵا و بەرێوەبەری خۆجێی تالیبان کە خەڵکی شارەکانی قەندەهار، کوندوز، هەرات، فاراه، ئوروزگان و هیلمەند بوون، بە گشتیی ٥٠ ئەندامیان لەو ئۆپەراسیۆنەدا کوژراون.

  ر.م