لە ووهان کەرەنتینە کۆتایی هات و جموجووڵ دەستیپێکردەوە

لە شاری ووهانی چین کە یەکەم جار پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو شارە دەرکەوت، کەرەنتینە کۆتایی هات. لەگەڵ کۆتاییهاتنی کەرەنتینە، هاوڵاتیان ڕوویان لە وێستگەکان کرد بۆ ئەوەی بچنەوە لای خانەوادەکانیان.

دوای ئەوەی لە مانگی کانونی یەکەمی ٢٠١٩ دا لە شاری ووهانی چین ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوبووەوە، سەرەتای مانگی کانوونی دووەم شارەکە بە تەواوی کەرەنتینە کرا و دواتر هەرێمەکە کەرەنتینە کرا. بەرپرسانی چین بە پێی کاتی هەرێمەکە کاتژمێر ٠٠:٠٠ کەرەنتینەیان کۆتایی پێهێنا و ژیانی ئاسایی دەستیپێکردەوە.

ماوەیەکی کورت دوای کۆتاییهاتن بە کەرەنتینە، هاوڵاتیان لە شارەکە چوونە دەرەوە. وێستگەی شەمەندەفەری ووهان پڕ بوو لە خەڵک و هاوڵاتیان بۆ ئەوەی سەردانی کەسوکاریان بکەن، بەرەو هەرێمەکانی تری چین بەڕێکەوتن.

داوا لە هاوڵاتیان کرا دووری مەترێک لە نێوانیان بپارێزن و پابەندی ڕینماییەکانی پاکوخاوێنی ببن. بەرپرسان ووهانیان وەک (شاری قاڕەمانەکان) پێناسە کرد.

لە چین بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ٣٣٣٠ کەس گیانیان لەدەستدا کە ٢٥٠٠ کەسیان لە شاری ووهان بوون.

ف.ق