لە ١١ شارى ئەڵمانیا خۆپیشاندان بۆ پشتیوانیکردن لە عەفرین بەڕێوەچو

لە چەندین شارى وڵاتى ئەڵمانیا هەزاران کەس ڕژانە سەر شەقامەکان و هێرشەکانى تورکیاى داگیرکەریان بۆ سەر عەفرین ئیدانەکرد و پشتیوانیان لە بەرخۆدانى سەردەم-ی عەفرین کرد.

 

لە چەندین شارى وڵاتى ئەڵمانیا هەزاران کەس ڕژانە سەر شەقامەکان و هێرشەکانى تورکیاى داگیرکەریان بۆ سەر عەفرین ئیدانەکرد و پشتیوانیان لە بەرخۆدانى سەردەم-ی عەفرین کرد.

ئاخن

کوردستانیان و دۆستەکانیان لە شارى ئاخن-ی ئەڵمانیا هێرشى قەتڵوعامکەرى دەوڵەتى تورکیایان بۆ سەر عەفرین ئیدانەکرد. سەدان کوردستانى لەبەر بیناى ڕێکخراوى ماڵى گەلی کورد کۆبوونەوە و ئاڵاکانى یەپەگە / یەپەژە وپەیەدەیان بەرزکردەوە و بە وتنەوەى دروشمەکانى "بژى بەرخۆدانى عەفرین"، "بژى یەپەگە و یەپەژە"، "ئەردۆغان بکوژى منداڵانە"، "تیرۆریست ئەردۆغان" تاوەکو ناوەندى شارى ئاخن ڕۆیشتن.

خالید حەجی مونسور ئەندامى کۆمسیۆنى پەیەدە لە ئاخن، لە گۆرەپانى ئیلیزن بونەن و لە ناو ئاپۆراى خۆپیشاندەراندا باسى بەرخۆدانى پاڵەوانانەى عەفرینى کرد. هەروەها بە درێژایى ئەو خۆپیشاندان و چالاکییە، برۆشورێک لەسەر کۆمەڵکوژییەکانى دەوڵەتى توکیا لە  عەفرین بڵاوکرایەوە.

هامبورگ

لە شارى هامبورگ و لەلایەن کۆمیتەى خاوەنداریکردن عەفرینەوە چالاکییەک بۆ پشتیوانى لە عەفرین بەڕێوەچوو و سەدان کوردستانى لە گۆڕەپانى مەنکۆبێرگ شتاسى کۆبوونەوە. چالاکوانان بە دروشمی "بژى بەرخۆدانى عەفرین" ڕێپێوانیان ئەنجامدا. ئانتى فاشیستەکانیش بەشداریى خۆپیشاندانەکە بون و ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە سیاسەتەکانى ئەنگێلا مێرکلى ڕاوێژکارى ئەڵمانیا دەربڕی.

ڤوپەتایل

کوردستانیانى دانیشتوی شاری ڤوپەتایلى ئەڵمانیا لە خۆپیشاندانێکى جەماوەریدا هێرشەکانى دەوڵەتى تورکیایان بۆ سەر عەفرین ئیدانەکرد. سەربارى ئەوەى خۆپیشاندانەکەش مۆڵەتى فەرمیى بۆ وەرگیرابوو، بەڵام پۆلیس ڕێگاى دا بە گروپێکى فاشیست کە لە هەمان شوێن و لە هەمان کاتدا، گردبوونەوە ئەنجام بدەن. بەوەش هەوڵیاندا کوردستانیان و فاشیستەکان بکەن بە گژى یەکتردا، بەڵام چالاکوانان و کوردستانیان ڕایانگەیاند، کەس ناتوانێت ئەوان بخاتە یاریى تێکدەرانەوە و بە شێوەى دیموکراتیکیانە درێژە بە چالاکییەکانمان دەدەین.

مونستار

ئەو دڕندەییەى دەوڵەتى تورکیا لە عەفرین ئەنجامى دەدات، لە شارى مونستارى ئەڵمانیا شەرمەزار کرا. بۆ ئەوەش کوردستانیان تاوەکو بەردەم کونسوڵخانەى تورکیا لەو شارەدا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا. لەو چالاکییەدا ڕێککەوتن و هاوکاریى نێوان دەوڵەتانى تورکیا و ئەلمانیا ئیدانەکران.

بەرلین

کوردستانیان لە شارى بەرلینى پایتەختى ئەڵمانیا دەوڵەتى تورکیاى داگیرکەر و سیاسەتە بێشەرمانەکانى ڕووسیایان بەرامبەر بە ڕۆژئاواى کوردستان ئیدانەکرد. خۆپیشاندانى کوردستانیانى بەرلین لە بەردەم باڵیۆزخانەى ئەمریکا بەڕێوەچوو و داوا کرا ئەمریکا بەرەی خۆى بە ڕوونى ئاشکرا بکات. جەماوەری خۆپیشاندەر لەوێیەوە و بە وتنەوەی دروشمەکانی "ڕووسیا لە رێزی تیرۆریستاندا"، "تیرۆریست پوتین، تیرۆریست ئەردۆغان" و "عەفرین بۆ داگیرکەران دەبێتە گۆڕستان" بەرەو باڵیۆزخانەى ڕووسیا ڕۆیشتن و لە بەردەم باڵیۆزخانەى ڕووسیادا و لە دواى ماوەیەک مانەوە کۆتاییان بەخۆپیشاندانەکەیان هێنا.

بریمێن

لە شاری بریمێنى ئەڵمانیا هەزارن کوردستانی و دۆستەکانیان ڕاژنە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندان و چالاکییان بۆ پشتیوانى لە عەفرین ئەنجامدا. بەشداربوان لە وتەکانیاندا بانگیان لە حکومەتى ئەڵمانیا، وڵاتانى یەکێتیى ئەوروپا، ناتۆ و ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بەپێى پێوەری مافە نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەى گەردوونیى مافەکانى مرۆڤ بجوڵێنەوە. هاوکات ئێوارەى دوێنێ گەنجان لە هاوپانۆفى بریمێن چەندین چالاکى جۆراجۆریان بە دروشمى "عەفری تەنیا نییە" ئەنجامدا و ڕایانگەیاند، چالاکییەکانیان بۆ ماوەى ٢٤ کاتژمێر بەردەوام دەبێت.

هانۆڤەر

بۆ ئیدانەکردنى داگیرکاریى دەوڵەتى تورکیا، کوردستانیان لەگەڵ دۆستەکانیان لە بەردەم فڕۆکەخانەى هانۆڤەر چالاکییەکیان ئەنجامدا. ئاڵتون بسچۆف ئەندامى ناڤدەم لەو چالاکییەدا ڕایگەیاند، دەوڵەتى ئەڵمانیا بۆ بەرژەوەندیى خۆى چاوپۆشى لەو کۆمەڵکوژییانە دەکات، کە دەوڵەتى تورکیا و چەتەکانى داعش بەرامبەر بە کوردان ئەنجامى دەدات. ڕاشیگەیاند، تاوەکو کۆتایى بەردەوام دەبن لە چالاکییەکانیان و ناهێڵێن عەفرین تەنیا بێت.

زاپوئێن

کوردستانیان لە شارى زاپوئێنى ئەڵمانیا خۆپیشاندانیان بۆ پشیتوانى عەفرین ئەنجامدا. خۆپیشاندانە جەماوەرییەکە لەبەردەم گەلەریى ئەوروپا بەڕێوەچوو. سارلاندێ زەردەشتى پیر، بە ناوى پەیەدەوە وتەیەکى پێشکەشکرد و داواى لە هەموو هێزە نێودەوڵەتییەکان کرد ڕێگری بکەن لە کۆمەڵکوژکردنى هاووڵاتیانى مەدەنیى عەفرین لەلایەن تورکیاوە.

شتوتگارت

لە شارى شتوتگارتى ئەڵمانیا چالاکییەکانى پلاتفۆرمی خاوەنداریکردن لە عەفرین بەردەوامییان هەیە. مەلەپەدە چالاکییەکە بەڕێوەدەبات. لە چالاکییەکەدا پۆستەر و لافیتەى "پێش بە ئەردۆغان بگرن، عەفرین بپارێزن" و "ئازادى بۆ کردستان، ئیتر هاوکاریى دەوڵەتى فیدرالى ئەڵمانیا بۆ سیستمى ئەردۆغان بەسە" هەڵکراون. ئەو چالاکییە لە رۆژى هێرشى تورکیاى داگیرکەرەوە بۆ سەر عەفرین تا ئێستا بەردەوامیى هەیە و رۆژانە دەستە دەستە خەڵک بە خۆپیشاندان دەڕۆنە شوێنى چالاکییەکە.

ئیمێغێش

کوردستانیان لە شارى ئیمێغێشى ئەڵمانیا و لە بەردەم بیناى ڕاتاوس کۆبوونەوە. ئەو چالاکوانانە ڕایانگەیاند، حکومەتى ئەڵمانیا بە فرۆشتنى چەک بە تورکیا بەشدارە لە کوشتنى کورداندا. ژمارەیەک لە چالاکوانەکان بە ناوى هەموو چالاکوانەکانەوە، دۆسیەیەکیان لەسەر کۆمەڵکوژکردنى هاووڵاتیانى عەفرین ڕادەستى بەرپرسانى حزبی سۆسیال دیموکراتەکان (SPD) کرد.

بۆن

هێرشەکانى دەوڵەتى تورکیاى داگیرکەر بۆ سەر عەفرین لە شارى بۆنى ئەڵمانیاش شەرمەزارکرا. لە چالاکیى کوردستانیان و دۆستەکانیان بۆ پشتیوانیکردن لە عەفرین، سڵاو  و ڕێز بۆ بەرخۆدانى عەفرین نێردرا و ئەو چالاکوانانە ڕایانگەیاند، تاوەکو دەوڵەتى تورکیاى داگیرکەر لە عەفرین نەچێتە دەرەوە، درێژە بە چالاکییەکانیان دەدەن. چالاکوانەکان بانگیان لە دامودەزگا نێودەوڵەتییەکان کرد، ڕێگرى بکەن لە کۆمەڵکوژکردنى هاووڵاتیانى عەفرین لەلایەن سوپاى تورکیاوە داگیرکەرەوە.

 

ر.م