لە ٦ شارى سوید خۆپیشاندان بۆ پشتیوانى لە عەفرین بەڕێوەچوون

لە شارەکانى ستۆکهۆلم، ئۆریبرۆ، یاڤلا، مالمۆ، یوتوبۆری و هێلسینگبۆری سوید خۆپیشاندان بۆ پشتیوانیکردن لە عەفرین بەڕێوەچوون. کوردستانیان و دۆستەکانیان لە خۆپیشاندان و چالاکییانەدا هێرشەکانى سوپاى تورکیاى داگیرکەریان بۆ سەر عەفرین ئیدانەکرد.

لە شارەکانى ستۆکهۆلم، ئۆریبرۆ، یاڤلا، مالمۆ، یوتوبۆری و هێلسینگبۆری سوید خۆپیشاندان بۆ پشتیوانیکردن لە عەفرین بەڕێوەچوون. کوردستانیان و دۆستەکانیان لە خۆپیشاندان و چالاکییانەدا هێرشەکانى سوپاى تورکیاى داگیرکەریان بۆ سەر عەفرین ئیدانەکرد.

ستۆکهۆم

بۆ ئیدانەکردنى هێرشى دەوڵەتى تورکیاى کۆمەڵکوژکار و داگیرکەر و بێدەنگیى وڵاتانى رۆژئاوا، لە شارى ستۆکهۆلمى پایتەختى سوید، لە بەردەم باڵیۆزخانەى ئەمریکا و ئەڵمانیا خۆپیشاندانى جەماوەرى بەڕێوەچوون.

تۆماس پیترسۆن ئەندامى کۆمیتەى ڕۆژئاوا ڕایگەیاند، سوپاى تورکیا لەگەڵ چەتەکانى داعش و قاعیدە و بەرەى نوسرە ئامادەکارى دەکات بۆ کۆمەڵکوژکردنى خەڵکى عەفرین، بۆ ئەوەش هەڵوێست و بێدەنگیى وڵاتانى رۆژئاواى ئیدانەکرد.

خۆپیشاندەران لە دواى کۆبوونەوەیان لە بەردەم باڵیۆزخانەى ئەمریکا، بەرەو باڵیۆزخانەى ئەڵمانیا ڕۆیشتن و چەندین دروشمیان بۆ ئیدانەکردنى تورکیاى داگیرکەر و پشتیوانیکردن لە بەرخۆدانى عەفرین بەرزکردەوە. خۆپیشاندەران داواشیان کرد، ئەڵمانیا کۆتایى بە هاوکارییە قێزەوەکانى بۆ دەوڵەتى تورکیا بهێنێت.

یاڤلا

کوردستانیان ئێوارەى دوێنێ لە گۆڕەپانى ستۆراتۆرگ، شارى سوید کۆبوونەوە و پشتیوانیى خۆیان بۆ بەرخۆدانى عەفرین خستەڕوو. میرزا بەهرام هاوسەرۆکى ناوەندى کۆمەڵگەى دیموکراتیکى یاڤلێ بۆرگ وتەیەکى پێشکەشکرد و باسى لە بەرخۆدانى گەلى عەفرین و مەترسییەکانى کۆمەڵکوژکردنى گەلی عەفرین لەلایەن سوپاى داگیرکەرى تورکیاوە کرد. لە ڕاگەیاندراوى ئەو خۆپیشاندانە جەماوەریەدا داوا لە وڵاتى سوید و وڵاتانى ترى ڕۆژئاوا کرا، کە پێش بە داگیرکاری و هێرشى دەوڵەتى تورکیا بگرن.

یوتوبۆری

کوردستانیان لە شارى یوتوبۆری لە بەردەم کۆنسوڵخانەى ڕووسیا کۆبونەوە و ڕێککەوتنى قێزەونى نێوان ڕووسیا و دەوڵەتى تورکیایان بە بەرزکردنەوەى دروشمى "تیرۆریست پوتین" ئیدانەکرد. خۆپیشاندەران بانگیان لە ڕووسیا کرد، کۆتایى بەو رێککەوتنەى لەگەڵ دەوڵەتى تورکیا بهێنێت، کە بۆ دژایەتیکردنى گەلى کوردە. ڕۆژنامەى یوتوبۆرى ڕووبەرێکى گەورەى بۆ ئەو چالاکییەى کوردستانیان تەرخانکردبوو.

ئۆریبرۆ

کوردستانیان لە ناوەڕاستى شارى ئۆریبرۆى سوید کۆبوونەوە و لافیتەى "پێش لە داگیرکاریی تورکیا لە کوردستان بگرن" بەزرکردەوە. لەو چالاکییەدا دەوڵەتى تورکیا و ڕووسیا  شەرمەزارکران و بانگ لە ڕاى گشتیى  دیموکراتیک – شۆڕشگێڕکرا، کە پێش لەو کۆمەڵکوژییە بگرن، کە ئێستا بەرامبەر بە گەلى کورد لە عەفرین بەڕێوە دەچێت.

مالمۆ و هێلسینگبۆری

کوردستانیان لە گۆڕەپانی تریانیەل-ی شارى مالمۆ و هەروەها لە شارى هێلسینگبۆری کۆبوونەوە و پشتیوانیى خۆیان بۆ بەرخۆدانى سەردەم لە عەفرین خستەڕوو. چالاکوانانى ئەو خۆپیشاندانانە داوایان لە حکومەتى سوید کرد، لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەوڵەکانى لە دژى هێرشى سەر عەفرین بخاتەگەڕ و هەوڵ بدات ڕێگا لەو هێرشانەى تورکیاى داگیرکەر بگرێت.

ر.م