لە پاریس لەسەر دۆزی کورد دادگاییکردنی تورکیا دەستی پێکرد

لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا، دادگای هەمیشەیی خەڵک، لە پای ئەو تاوانانەی بەرامبەر گەلی کورد ئەنجامیان داون، یەکەم دانیشتنی خۆی بۆ دادگاییکردنی سەرانی ڕژێمی تورکیا دەستپێکرد.


سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ۱٥ی ئادار، لە شاری پاریسی پایەتەختی فەڕەنسا، دادگای هەمیشەیی خەڵك (Permanent Peoples Tribunal)، یەکەم دانیشتنی خۆی لەسەر توركیا و كورد بەڕێوە برد.

لە دانیشتنەکەدا، کە بڕیارە ئەمڕۆ و سبەیش بەردەوام بێت، وێرای دەستەی حاکمان، دۆزگەران و پاێزەرانی دادگا، دەیان کەسایەتی لە یاساناس، لێکۆڵەر، مافناس، نوێنەرانی پارت و لایەنی سیاسی و مەدەنی کورد و جیهانی بەشدارن تێیدا.

دادگای هەمیشەیی خەڵك (Permanent Peoples Tribunal)، دەزگایەكی یاسایی و مافی مرۆڤی نێونەتەوەیی ناحكومییە و بەگوێرەی یاساکانی نێودوڵەتی بڕیار لە سەر کەیس و سکاڵاکان لە دادگایکی بێلایەندا دەدات.

دادگاکە، ساڵی ١٩٧٩ کرستیانی سەدەی ڕابردوو دامەزراوە و تا ئێستا دانیشتنی بۆ 44 كەیس و سکاڵا كردووە. دانیشتنی ئەمجارەشی تایبەتە بە دوو مژاری سەرەکی بۆ دادگاییکردنی تورکیا کە بریتین لە : 
یەکەم ـ تاوانەکانی جەنگ کە لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە دژی كورد بە تایبەت لە ناوچەكانی جەزیرە، سوری ئەمەد و شیرناخ لە نێوان ساڵی (2015تا 2017)دا، ئەنجام دراون.

دووەم ـ تەرۆرکردن و كوشتنی نوێنەران  چالاکانی كوردە لە دەرەوە و ناوەوەی توركیا.

شایانی باسە، دانیشتنی ئەمڕۆی دادگاکە لە پاریس،  لەسەر پێشنیازی چەندیا دامەزراوەی بەناوبانگی مافی مرۆڤی جیهان و  ئینستیتۆی كورد لە برۆكسل، بەپشتیوانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان کەنەکە و چەندین یاساناسی کورد و بیانی بەڕێوە دەبرێت.
بەگوێرەی قسەی،بەرپرسانی دادگاکە، ئەنجامی دانیشتنەكە لە پاش دوو مانگی دیکە لە پەرلەمانی ئەوروپی ڕادەگەیەنرێت.

هـ.هـ