لە ڕاینار مانگرتنی مێژوویی، ٤٠٠ گەشتی ئاسمانی هەڵوەشێنرانەوە

کۆمپانیای گەشتی ئاسمانی ڕاینار، ڕووبەڕووی گەورەترین مانگرتنی مێژوویی بووەتەوە. لە پێنج وڵات فڕۆکەوانەکانی ئەو کۆمپانیایە دەستیان بە مانگرتن کردووە، لە ئاکامی ئەو مانگرتنەشدا ٤٠٠ گەشتی ئاسمانیی هەڵوەشێنرانەوە.

 

لە پێنج وڵاتی ئەوروپا، فڕۆکەوانەکانی کۆمپانیای ڕایناربڕیاری ڕاگرتنی کاریان دا. لەم مانگانەی وەرزی هاویندا کە زۆرترین ڕێژەی گەشتی ئاسمانیی ئەنجام دەدرێت، فڕۆکەوانەکان بە مانگرتنیان ئەو کۆمپانیایەیان ناچار کرد کە بە سەدان گەشتیی پیلانکراویان هەڵبوەشێننەوە.

کۆمپانیای ڕاینار لە ٣٧ وڵات و بە ٨٦ فڕۆکە کاردەکات، چلەی ڕابردوو، پێش پشووی ساڵ، ڕێگەی لە مانگرتنی فڕۆکەوانەکان گرت. لەگەڵ سەندیکای فڕۆکەوانەکاندا دانوستانیان کردبوو. بەڵام دەربارەی ڕێککەوتن لەسەرمافەکانی ئەو فڕۆکەوانانە، کۆمپانیای ڕاینارئامادە نەبوو بوو مل بە داخوازی فڕۆکەوانەکانی بدات. ئەوەش وایکرد کە نەک تەنها فڕۆکەوانەکانی ئەو کۆمپانیایە، بەڵکو کارمەندانی تری ئەو کۆمپانیایەش ناڕەزایەتیان دەربڕی و ناڕەزایەتیەکانیان زیادی کرد.

دەرئەنجامی ئەوەش فڕۆکەوانەکانی ئەو کۆمپانیایە و چەندین کارمەندی تر مانیان لە کارکردن گرتووە و ئەوەش هەڵوەشاندنەوەی ٤٠٠ گەشت کە دەکاتە لە سەدا ١٧ ی کۆی ئەو گەشتانەی کە کۆمپانیای ڕاینار لە هەموو ئەوروپا ڕێکی دەخات. بە گشتییش لە تەواوی ئەوروپا گەشتی دوو هەزار و ٤٠٠ کەس هەڵوەشێنرایەوە.

دواین جاریش، فڕۆکەوانەکانی ئەو کۆمپانیایە لە هۆڵەندا و پێشتریش لە وڵاتانی بەلجیکا، ئەڵمانیا، ئایرلەندا و بەریتانیا دەستیان بە مانگرتن لە کارکردن کرد. سەندیکای فڕۆکەوانانی هۆڵەندا 'ڤی ئێن ڤی' ئاشکرایکردبوو کە لە ڕۆژی شەممەوە هەتا ٢٤ کاتژمێر، فڕۆکەوانەکانیان مان لە کارکردن دەگرن. مانگرتنی فڕۆکەوانەکانی ئەڵمانیا وبەلجیکا لەمڕۆوە دەستی پێکرد و ئەوەش کاریگەریی زۆر گەورە لەسەر تەواوی گەشتە ئاسمانیەکانی ئەڵمانیا دەکات.

ک-ش