ماس: تورکیا گوێ بە هۆشداریەکانی ئێمە نادات دەربارەی عەفرین

وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەڵمانیا وەڵامی نامەی ژمارەیەک رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنیی و رێکخراوی گەنجانی دایەوە دەربارەی پرسی عەفرین

ئاژانسی هەواڵی فورات وێنەیەک لە وەڵامی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ماسی وەدەستخستووە کە تێیدا باس لە پرسی عەفرین دەکات. لە وەڵامەکەی ماس-دا هاتووە "بۆ پاراستنی گەلی مەدەنی و هاووڵاتیانی عەفرین، چەند جارێک هۆشداریمان داوە بە تورکیا، بەڵام تورکیا گوێی بە هۆشداریەکانمان نەداوە"

دەربارەی بازگانی چەکیش، ماس بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەوان ئەو بازرگانیەیان لەچوارچێوەی مافەکانی مرۆڤدا ئەنجام داوە.

یەک لەو رێکخراوانەی کە لە ماوەی رابردوودا، لە ئەڵمانیا بە چالاکیەکانی سەرنجی دەوروبەری بۆ سەر خۆی راکێشا، رێکخراوی گەنجانی  پارتی سۆسیال دیموکرات "ژوسۆس"ە، بە پێشەنگیی ژوسۆس نامەیەک بۆ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هەیکۆ ماس دەربارەی داگیرکاریی تورکیا لە عەفرین نێردرا. وەزیری دەرەوە بۆخۆشی ئەندامی پارتی سۆسیال دیموکراتە.

هەریەک لە ئەدۆپت رێڤۆلوشن، ناوەندی ئاگادارکردنەوەی کوردستان-کۆمەڵگەی ئازاد، مەدیکۆ ئینتەرناشیۆناڵ و گەنجانی سۆسیالیستی ئەڵمانیا کە دی فالکەن-یشی تێدایە، واژۆی نامەکەیان کردبوو.

رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی داوایان لە حکومەتی فیدراڵی ئەڵمانیا کردبوو کە هێرشی تورکیا بۆ سەر کوردان و عەفرین شەرمەزار بکات و کۆتایی بە بێدەنگیی بێنن و بۆ راگرتنی هێرش و داگیرکاریی تورکیا بۆ سەر عەفرین بکەونە هەوڵدانەوە، ماس کە لە کابینەی نوێی حکومەتەکەی ئەنگێلا مێرکلدا پۆستی وەزیری دەرەوەی وەرگرتووە و پێشتریش وەزیری دادی ئەڵمانیا بووە، پێش چەند رۆژێک بە نوسراوێک وەڵامی نامەی ئەو رێکخراو و کەسایەتیانەی داوەتەوە دەربارەی عەفرین.

ماس لە نوسراوەکەیدا کە دوو پەڕە و نیوە و بۆ سکرتێری نێونەتەوەیی ژوسۆس "لیۆنارد ڤۆن گۆڵن"ی ناردووە، و لە ئێستادا وێنەیەکی لەبەردەستی ئاژانسی فوراتە، باس لە رۆلی وڵاتەکەی دەکات دەربارەی عەفرین و شەری سوریا و نوسیویەتی کە لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە چەندین جار هۆشداریان داوەتە تورکیا دەربارەی پرسی عەفرین.

لە نامەکەی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیادا هاتووە "بۆ حکومەتی ئەڵمانیا، جێبەجێکردنی یاسا نێودەوڵەتیەکان و پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنیی زۆر گرنگە، لە زۆر دانیشتن و دیداردا تورکیامان هۆشیارکردۆتەوە کە دەبێت لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتیەکاندا جموجوڵی سەربازیی بکات"

'سوپای خۆمان لە قۆنیا ناکشێنینەوە'

ماس نووسیویەتی "بەهۆی ئەوەی کە تورکیا گوێ بە هۆشداریەکانمان نادات، سەرۆکوەزیر ئەنگێلا مێرکل لە ٢١ی ئاداردا رووداوەکانی عەفرینی بە توندی شەرمەزار کرد"

دەربارەی پرسی کشانەوەی سوپای ئەڵمانیا لە تورکیا، ماس نووسیویەتی "پێش هەر شتێک دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ئەڵمانیا بە بەرسیارێتیەوە جوڵاوەتەوە لە سیاسەتی بە چەککردندا، پرسی ئەرێکردنی فرۆشتنی چەک لە چوارچێوەی سیاسەتی ئاسایشییدا دەنرخێنرێت و بە وردی لێکۆڵینەوەش لە هەر رێککەوتنێک دەکەین، بۆئەو مەبەستەش چاودێریی مافەکانی مرۆڤ خاوەنی شوێنی گرنگە، سوپای ئەلمانیا کە لە قۆنیا بە جێکراون، لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیی ناتۆ و بۆ شەڕی دژ بە داعش ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن، بۆیە ناتوانین سوپای وڵاتەکەمان لە تورکیا بکشێنینەوە".

لە بەشێکی تری نامەکەیدا، ماس نووسیویەتی "ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا چەندین جار بوون بە رۆژەڤی ناتۆ و ژمارەیەکی زۆریش لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ داوایان لە تورکیا کردووە کە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ بەکارهێنانی هێزدا بکات، هەروەها لە دیدارەکانماندا لەگەڵ تورکیادا لەلایەک بریاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان و داوای جێبەجێکردنی بریاری ئاگربەست لە عەفرینمان پێ راگەیاندوون".

'قەدەغەی سەر پەکەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە'

دەربارەی زیندانیانی سیاسیی کورد لە ئەڵمانیا، ماس نووسیویەتی "مافی کوردانە کە لە چوارچێوەی یاساکانی ئەڵمانیادا چالاکی نارەزایەتیی ئەنجام بدەن، بەڵام بڕیاری قەدەغەی سەر پەکەکە کە لە ساڵێ ١٩٩٣دا دەرچووە، وەک خۆی دەمێنێتەوە".

لە وەڵامی پرسیاری ئەو رێکخراو و کەسایەتیانەدا کە باسیان لەوە کردووە هێزە ئەمنیەکانی ئەڵمانیا دەستدرێژییان کردۆتە سەر چالاکانی سیاسیی کورد لەو وڵاتە، ماس نووسیویەتی "ئەوەی ئێوە باسی دەکەن بەو شێوەیە نیە، بەڵکو ئەوانەی کە دەستدرێژییان کراوەتە سەر لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی ئەڵمانیاوە، ئەوانە لایەنگرانی پەکەکەن و بەهۆی بەرزکردنەوەی شیعار و سیمبۆلی پەکەکەوە دەستگیرکراون کە بە پێی یاسا ئەو پارتە رێکخستنێکی قەدەغەکراوە".

لە کۆتایی نامەکەیدا، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا نووسیویەتی "تورکیا دۆستێکی ئاسان نیە، بەڵام ئەلمانیا هەوڵی خۆی دەدات بۆئەوەی تورکیا بۆ پێوانی بنەرەتیی دیموکراتیی بگەرێنێتەوە، هەروەها لە هەوڵدانمان بەردەوام دەبین بۆئەوەی هاوڵاتیانی مەدەنیی لە باکووری سوریا بپارێزین و قەیرانی سیاسیی سوریا بە رێگای سیاسیی چارەسەر بکرێت".