ماكڕۆن: له‌ سووریا چه‌كی كیمیاوی به‌كارهێنراوه‌

سه‌رۆك كۆماری فه‌ڕه‌نسا ئیمانوێل ماكڕۆن ڕایگه‌یاند، له‌ ده‌ستی ئه‌واندا به‌ڵگه‌ی به‌هێز هه‌یه‌ كه‌ ڕژێمی سووریا له‌ ٧ی نیسان\١٨ی خاكه‌لێوه‌ له‌ ناوچه‌ی دووما چه‌كی كیمیاوی به‌كارهێنراوه‌.

بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ ٧ی نیسان\١٨ی خاكه‌لێوه‌ به‌هۆی به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیاوی له‌ دووما نزیكه‌ی ٤٠ كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. وه‌ڵاتانی ڕۆژئاوا، ڕژێمی سووریا به‌ به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیاوی تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن. سووریا-ش له‌گه‌ڵ ڕووسیا و ئێران ڕه‌تی ده‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌ڵێن: ئه‌مه‌ پیلانگێڕییه‌كه‌.

ماكرۆن به‌ كه‌ناڵی TF1 ڕاگه‌یاند: «پێویسته‌ ڕژێمی سووریا چه‌كه‌كیمیاوییه‌كانی خۆی له‌ناوببات.» هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، له‌ دوای ئه‌وه‌ی كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر زانیارییه‌كان كرا، له‌وانه‌یه‌ هێرش ئه‌نجام بدرێت.

سه‌رۆك كۆماری فه‌ڕه‌نسا ده‌ستنیشانی كرد كه‌ «فه‌ره‌نسا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك زیان به‌ ئارامی هه‌رێمه‌كه‌ ناگه‌یه‌نێت، به‌ڵام ڕێگه‌ش نادات كه‌ ڕژێم هه‌موو شتێك بكات.»

s.m