مانەوە لە ماڵەوە بومەلەرزەى کەم کردووەتەوە!

مانەوە لە ماڵەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەریی زۆر باشی لەسەر سروشت دروستکردووە و بەهۆی کەمبوونەوەی جموجوڵی مرۆڤ و ئۆتۆمبێل و شەمەندەفەرەکانەوە بومەلەرزە کەمیکردووە.

بەهۆی رێوشوێنەکانى دژ بە بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەرتاسەری جیهان و کەمبوونەوەى هاتوچۆ و نەمانی قەرەباڵغییەکان لە شوێنە جۆراوجۆرەکان، کاریگەریی لەسەر جوڵەى ناوەکیی زەویش دروستکردووە و جوڵەى ناوەکیی زەوی، کە دەبێتە هۆی روودانى بومەلەرزە کەمبوەتەوە.

ماڵپەڕی رادیۆی نێودەوڵەتیی فەرەنسا (RFI) لە زاری ژێرۆم ڤێرگنی لە پەیمانگەیى جیهانیی فیزیا بڵاویکردەوە "جموجوڵ و هاتوچۆی مرۆڤەکان، جموجوڵ و هاتوچۆی شەمەندەفەرەکان و هاتوچۆی ئۆتۆمبێلەکان کاریگەریی لەسەر جوڵەى ناوەکیی زەوی دادەنێت و بەو هۆیەوە بەشێک لە بومەلەرزەکان روودەدەن".

ڤێرگنی راشیگەیاند "لەو کاتەوە بڕیاری مانەوە لە ماڵەوە دراوە و هاتوچۆی مرۆڤ و شەمەندەفەرەکان و ئۆتۆمبێلەکان کەمیکردووە، بەپێی ئەو چاودێری و پشکنینانەى تۆمارمان کردوون، جوڵانی زەوی و بومەلەرزە کەمیکردووە. ئەو کەمکردنە لە هەندێک لە شارەکاندا بە رێژەی ٤٠ لەسەد بۆ ٥٠ لەسەدە".

ئەوە لە کاتێکدایە بەپێی لێکۆڵینەوەیەک، کە نزیکەى ١٥ رۆژ لەوە پێش لە گۆڤاری نەیچر (Natur) بڵاوکرابووە، پرۆسەى کونبووی توێژی ئۆزۆن لە سەر جەمسەری باشوور پێچەوانە بووەتەوە و کونەکەى توێژی ئۆزۆن لە سەر جەمسەری باشوور لە خۆ نوێکردنەوەدایە.

ژ.ت