منداڵان لە چێژی منداڵیەتی بێ بەش دەکرێن

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێی ڕێکخراوەی نێونەتەوەیی بە ناوی 'سەیڤ زە چیلدرن- منداڵان بپارێزن' ("Save the Children")بە سەدان میلیۆن منداڵ لە سەرتاسەری جیهاندا لە منداڵیەتی بێ بەش کراون.

لە ڕاپۆرتەکەدا کە دۆخی منداڵان-ی لە ١٧٥ وڵاتی جیهاندا شیکردووەتەوە و لێکۆڵینەوە دەربارەی ئەوە کراوە کە لە چ وڵات گەلێک ڕێز لە مافەکانی منداڵان دەگیرێت، داخۆ منداڵان دەتوانن لەناو منداڵێتیی خۆیاندا بژین یان نا. بۆ ئەوەش ڕێزبەندیی ئەو وڵاتانەیان کردووە کە دۆخی ژیانی منداڵان تێیاندا باشە و ئەوانەشی کە بە پێچەوانەوەیە. لە ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانەدا ، لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە بەشێکی زۆر لە ملیارێک و ٢٠٠ ملیۆن منداڵی سەر گۆی زەوی لەناو دۆخی سەخت و خراپدا دەژین، یان ژیانیان لە ژێر مەترسیدایە.

ڕێکخراوی 'منداڵان بپارێزن' دەستنیشانی کردووە کە بە سەدان میلیۆن منداڵ بەهۆی دۆخی بنەماڵەکانیانەوە ناتوانن بڕۆن بۆ قوتابخانە. یان تەنها دەتوانن لە پۆلی سەرەتاییدا بخوێنن. هەروەها بەشێکی زۆری منداڵانیش ناچارکراون کە کار بکەن.

لەنێوان وڵاتانی زۆر باش و زۆر خراپدا جیاوازیەکی زۆر گەورە هەیە

لە ڕاپۆرتی ئەو ڕێکخراوەدا پۆلێن و ڕیزبەندی ئەو وڵاتانە کراوە کە دۆخی ژیانی منداڵ تێیاندا زۆر خراپە یان زۆر باشە. لە ڕیزبەندی زۆر خراپدا وڵاتی نیجیریا دێت کە لە پلەی ٣٨٨میندایە. پێوانەی زۆر باشیش پلەی٩٨٧ کە بەر وڵاتی سەنگاپوور کەوتووە.

ڕاپۆرتەکە لەسەر بنەمای ئەم خاڵانە ئامادە کراوە:

- ڕێژەی مردنی منداڵانی خوار تەمەن ٥ ساڵ

- ڕێژەی کەمی و زۆری خۆراکی منداڵانی خوار تەمەن ٤ ساڵ

- دەرفەتەکانی خوێندن بۆ منداڵان

- ڕێژەی منداڵانی کرێکار

- هاوسەرگیریی لە تەمەنی منداڵێتیدا

- ڕێژەی دووگیان بوونی منداڵان

- ڕێژەی ئەو منداڵانەی کە بەهۆی شەڕەوە شوێن و واری خۆیان بەجێهێشتووە

- ڕێژەی کوشتنی منداڵان

لە ڕاپۆرتەکەدا ڕاگەیەندراوە کە هەریەک لە وڵاتانی سەنگاپوور، سلۆڤینیا و نەرویج ئەو وڵاتانەن کە منداڵان تێیاندا بە خۆشی و شادی دەژین. وڵاتانی سوید، فینلەندا، ئیرلەندا، هۆڵەندا، ئایسلەندا، ئیتالیا، کۆریای باشوور، پورتوگال و قوبرس لە ڕیزبەندیی یەکەمی ئەو وڵاتانەدا دێن کە منداڵان تێیاندا خۆشبەختن.

هەر بە پێی ئەنجامی ئەو ڕاپۆرتە منداڵان لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، ئەوروپا و ئەمەریکای باکوور شادومانن. لە وڵاتانی ژاپۆن، کۆریای باشوور، بەحرەین و کوەیت٠-یش کە پۆلێنی ٩٤٠ی وەرگرتووە، جێگەی خۆیان لەناو ڕێزبەندی یەکەم ٣٩ وڵات گرتووە کە دۆخی ژیانی منداڵ تێیاندا باشە. دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش لە ڕیزبەندیی ٣٦یەمدا هاتووە.

تورکیا لە ڕیزبەندی ٦٤هەمیندا هاتووە

لەناو ڕیزبەندیی ١٧٥ وڵاتدا، تورکیا لە ڕیزبەندیی ٦٤هەمیندا هاتووە. لەم بابەتەشدا تورکیا لە هەمان ئاستی وڵاتانی ئەرمەنستان، سریلانکا، کوبا، مالیزیا، کۆریای باکوور و وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاستدایە.

ئەو وڵاتانەش کە دۆخی ژیانی منداڵان تێیاندا زۆر خراپە بریتین لە وڵاتانی نەیجیریا، مالی، کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست، چاد و سودان.

وڵاتانی سۆماڵ، نەیجیریا، گینێ، سیرالیۆن، کۆنگۆ، بورکینیا فاسۆ، مۆزەمبیق، ئەنگۆلا، مۆریتانیا و موگادیشۆ لە ڕیزبەندیی کۆتاییدا دێن کە دۆخی ژیانی منداڵان تێیاندا زۆر سەخت و نالەبارە.

ک-ش