نائۆرت: ئاگربەست بۆ تەواوی سووریایە

ئەمریکا، ڕایگەیاند کە ئاگربەستی سووریا بۆ تەواوەتی سووریایە و پێویستە تورکیا بڕیارنامەکە باش بخوێنێتەوە

هێزەر نائۆرت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: بڕیاری ئاگربەستی سووریا کەلەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەولەتییەوە ڕۆژی شەمە دەرکرا، تەواوەتی سووریا دەگرێتەوە.

نائۆرت، سەرنجی خستە سەر هێرشە داگیرکارییەکانی تورکیا کە سەرەڕای بڕیاری ئاگربەستی ٣٠ڕۆژە، بەردەوامە و گوتی: ''پێویستە تورکیا ئەو ڕێککەوتنە جارێکی دیکە و باشتر بخوێنێتەوە. دەبێ هەموو لایەنەکانی شەڕی سووریا، بۆ ماوەی ٣٠ڕۆژ ئەو ئاگربەستە جێبەجێ بکەن. ئێمە بۆ تورکیا پێشنیاری ئەوە دەکەین کە جارێکی دیکە بڕیارنامەکە بخوێنێتەوە".

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕەخنەی لە ڕووسی-ش گرت کە سەرەڕای ئەوەی کە بڕیاری ئاگربەستەکەی پەسەند کردووە، هاوکاری ڕژێمی سووریا دەکات بۆ بەردەوام کردنی شەڕ. نائۆرت، ئەوەشی گوت کە ئاگربەست بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆڤییەکانە و تەواوەتی سووریا دەگرێتەوە.

 نائۆرت، باسی ئەو لایەنانەشی کرد کە ئاگرەست نایانگرێتەوە و ڕایگەیاند: تەنیا داعش، بەرەی نوسرە، ئەلقاعیدە و ئەو گرووپانەی پەیوەندییان بەوانەوە هەیە، ئاگربەست نایانگرێتەوە.