نیتانیاهو بۆ ئێران: هێزمان تاقی مەکەنەوە

بینیامین نیتانیاهو سەرۆکی ئیسرائیل بە بۆنەی کۆمەڵکوژیی یەهودییەکان-ی شواح  وتارێکی پێشکەش کرد و هەڵوێستێکی توندی لەهەمبەر کۆماری ئیسلامیی ئێران نیشاندا.

بینیامین نیتانیاهو سەرۆکی ئیسرائیل بە بۆنەی کۆمەڵکوژیی یەهودییەکان-ی شواح  وتارێکی پێشکەش کرد و هەڵوێستێکی توندی لەهەمبەر کۆماری ئیسلامیی ئێران نیشاندا.

نیتانیاهو باسی لەوە کرد، کە کۆماری ئیسلامی ئێران ڕژیمێکی توندڕەوە و هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی جیهان. نیتانیاهو وتی: "ئەو ڕژێمە بە ئاشکرا بانگەشەی ئەوە دەکات، کە دەیەوێت  ئێمە، یانێ دەوڵەتی یەهودییەکان لەناو بەرێت."

بینیامین نیتانیاهو ڕوو لە بەرپرسانی ئێران وتی: پەیامێکم بۆ بەرپرسانی ڕژیمی ئێران هەیە، با هێزی ئێمە تاقی نەکەنەوە."

نیتانیاهو ئەوەی خستەڕوو، ڕێککەوتنى ئەتۆمی، کە ئێران ساڵی ٢٠١٥ واژۆی کردووە، بەجێگای ئەوەی هەڵوێستی هێرشکارانەی ئەو وڵاتە کەم بکاتەوە بگرە زۆرتریش بووە و ڕەخنەی توندی لەو ڕێککەوتنە گرت.

دوای ئەوەی ڕۆژی دووشەمە  ناوەندێکی سەربازیی سووریا بۆردمان کرا، وڵاتانی ئێران، ڕووسیا و سووریا  وڵاتی ئیسرائیل-یان وەک بەرپرسی ئەو هێرشە ئاسمانییە زانی.

لەو بۆردمانەدا ٧ ئەندامی پایە بەرزی سەربازیی ئێران کوژران.

کۆماری ئیسلامی ئێران وڵاتی ئیسرائیل کە لەساڵی ١٩٤٨ دامەزراوە بە فەرمی ناناسێت و تا ئیستا چەندین بەرپرسی باڵای ئێران بە فەرمی ڕایانگەیاندووە، کە دەبێت ئەو دەوڵەتە لەناو بچێت.

دەوڵەتی ئیسرائیل باس لەوە دەکات، حیزبوڵای لوبنان و چەندین تاقمی توندڕەو-ی سەر بە ڕژیمی ئێران لە سووریادا بونیان هەیە و خەریکی پاراستنی ڕژیمی ئەسەدن.