نەتەوە یەکگرتووەکان؛ لە عەفرین خەڵکی مەدەنی دەکوژرێن

((زەید ڕەعد ئەلحوسێن)) بەرپرسی باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاند لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر عەفرین، هاوڵاتییەکی زۆر کوژراون کە منداڵ و ژن لەنێواهەیە.

ڕەعد ئەلحوسێن، دەربارەی ئەو هاوڵاتیانەی کە لە ناوچە جیاجیاکانی سووریا دەکۆژرێن، هۆشیاری دایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

ئەلحوسین، بە ڕاگەیەنراویک ڕایگەیاند لە زۆر شوێنی سووریا بەهۆی شەڕەوە، زۆر هاووڵاتی سووریا گیانیان لەدەست داوە و داوای هەوڵدانی نێودەوڵەتی بۆ پێش‌گرتن لە کوژرانی هاوولاتیانی مەدەنی کرد.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووەکە، لەدوای هێرشەکانی ڕژێمی سووریا و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر غوتەی ڕۆژهەلات به سەدان هاوولاتی کوژراون و پێویستە بەپەلە ئەو هێرشانە کۆتاییان پێ بێت.

لە عەفرین، خەڵکی مەدەنی دەکوژرێن

ئەلحوسێن، دەربارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر عەفرین-یش، ڕایگەیاندووە: ''بە سەرپەرشتی دەوڵەتی تورکیا لە ٢٠ی کانوونی دووهەم/٣٠ی بەفرانبارەوە، هێرش دەکرێتە سەرعەفرین کە لە کۆنتڕۆڵی هێزە کوردییەکان دایە. ئەو هیرشانە ژیانی هاووڵاتیانی خستۆتە مەترسییەوە. ئیمە زانیاریمان لەبەر دەستدایە کە لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانی و وشکانییانەدا لە عەفرین، بە سەدان هاولاتی مەدەنی شەهید و بەیندار بوون کە ژمارەیەکی زۆریان منداڵن.

بۆردوومانی خەڵکی مەدەنی، تاوانی شەڕە

لە ڕاپۆرتەکەی ئەلحوسێن دا هاتووەکە ''لەو کاتەی شەڕی سووریا دەستیپێکردووە گەلیک لایەن بەشداری ئەو شەڕە بوون. لەجیاتی خستنە ڕووی هێندێک چارەسەری، ئەو هێزانە بوونەتە هۆی پێشێل کردنی یاسا و مافەکانی مرۆڤ لە سووریا. لە هێندێک هەرێم بۆردوومانی هاولاتیان، بەپێی شەرت و مەرج، دەتوانرێ وەک تاوانی شەڕ لێکبدرێتەوە.

بەردەوامبوونی شەڕ و ئاڵۆزی لە سووریا، هێمای سەرنەکەوتنی دیپڵۆماسی جیهانییە

ئەلحوسێن لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا، هەرێمی ئارام لەدوای شەڕی بۆسنی بە نموونە دێنێتەوە و ڕایدەگەیەنێ: ''شەڕی بۆسنی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دوای ٤ساڵ كۆتایی پێهێنرا. بەڵام دەربارەی شەڕی نێوخۆیی سووریا، و ڕاگرتنی ئەو شەڕ و ئاڵۆزییانە هەموو لایەک کەڕ و لاڵن و بە بەشداری دەوڵەتانیش لەو شەڕەدا، ئاڵۆزییەکان ماوەی ٧ساڵە درێژەی هەیە. پێویستە خەڵکی مەدەنی بپارێزرێن. ئەگەر ئەو شەڕە هەتا ئێستاش هەر بەردەوامە، ئەوە نیشانەی شکستی دیپڵۆماسی جیهانیی و هێزە نێودەوڵەتییەکانە.