نەخۆشیی ئیبۆلا لە کۆنگۆ سەریهەڵداوەتەوە

کۆماری کۆنگری دیموکراتیک (RDC) خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەى لە ١٣ی نیساندا کۆتایهێنان بە نەخۆشیی ئیبۆلا رابگەیەنێت، بەڵام سەرباری ئەوانەش لە شاری بینی کەسێک بەهۆی نەخۆشیی ئیبۆلاوە گیانی لەدەستدا.

بەرێوەبەرانى کینشازای پایتەختی کۆنگۆ و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (دەبلیو ئێچ ئۆ - WHO) خۆیان ئامادە کرد، کە ئەمڕۆ ١٣ی نیسان رایبگەیەنن، کۆتاییان بە نەخۆشیی ئیبۆلا هێناوە، چونکە لە ماوەى ٥٢ رۆژی رابردودا هیچ کەسێک تووشی نەخۆشیی ئیبۆلا نەبوو بوو، بەڵام دواى ٥٢ رۆژ راگەیەندرا، کەسێک بەهۆی نەخۆشیی ئیبۆلاوە گیانی لەدەستداوە.

بەپێی وتەى بەرپرسانی تەندروستی، لە شاری بینی رۆژهەڵاتی کۆنگۆ پیاوێکى تەمەن ٢٦ ساڵ بەهۆی نەخۆشیی ئیبۆلاوە گیانی لەدەستداوە. دواى گیان لەدەستدانی ئەو کەسە، بە هاوکاریی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەستەیەک بۆ لێکۆڵینەوە رەوانەى ناوچەکە کران.

نەخۆشیی ڤایرۆسی ئیبۆلا لە ساڵی ١٩٧٦ بۆ یەکەمجار لە وڵاتی کۆنگۆ دۆزرایەوە و لەو ساڵەدا ٣٠٠ کەس تووشی نەخۆشییەکە بوون و لە هەر ١٠ کەسی تووشبوو ٩ کەسیان گیانی لەدەستدا. دواى ئەوە جارێکیتر لە ساڵی ١٩٩٥ سەریهڵدایەوە و سەدا ٨٠ی تووشبوەکان گیانیان لەدەستدەدا.

ڤایرۆسی ئیبۆلا جارێکیتر لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لە وڵاتی گینیاوە سەریهەڵدایەوە و بە وڵاتانی سیرالیۆن و لیبیریادا بڵاوبوویەوە و نزیکەى ٤٠٠ کەس بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستدا. قەبارەی گیان لەدەستدان و رووبەری بڵاوبوونەوەى نەخۆشییەکە وایکرد، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ١٥٠ پسپۆڕ بۆ لێکۆڵینەوە و پێشگرتن لەو نەخۆشییە رەونەى ناوچەکە بکات.

قۆناغێکى تری سەرهەڵدانەوە و بڵاوبونەوەى نەخۆشییەکە لە ١ی ئابی ٢٠١٨ لە پارێزگای کیڤۆی کۆنگۆ بوو، کە بە هۆیەوە تاوەکو ئێستا ٢٢٧٣ کەس گیانیان لەدەستدا.

حکومەتى کۆنگۆی دیموکراتیک (RDC) رایگەیاندبوو، ئەگەر لە ماوەى ٤٢ رۆژدا هیچ کەسێکى تر تووشی نەخۆشییەکە نەبێت ئەوە کۆتایهێنان بە نەخۆشییەکە رادەگەیەنن. ڤایرۆسی ئیبۆلا لە ماوەی ٢١ رۆژی سەرەتاى تووشبونی کەسەکە هیچ ئاماژەیەکى نییە، بەڵام لە ماوەى ٢١ رۆژی دواتردا، ئاماژەکانى تووشبوون لە کەسەکاندا دەردەکەون، یانی بۆ ئەوەى روون بێتەوە، کە کەسی تر تووشی پەتاکە نەبووە، دەبێت ماوەى ٤٢ رۆژ بەسەر دۆخەکەدا تێپەڕێت.

ژ.ت