جنێڤ؛ هه‌زاران كه‌س داوایان له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كرد كۆمه‌ڵكوژی له‌ عه‌فرین بوه‌ستێنێت

به‌ هه‌زاران كه‌س له‌ چوارچێوه‌ی ڕێپێوانی درێژمه‌ودای لۆزان - جنێڤدا، له‌ به‌رده‌م بینای نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كۆبوونه‌وه‌ و داوایان له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كرد كۆمه‌ڵكوژی له‌ عه‌فرین بوه‌ستێنن. هه‌روه‌ها داوای ئازادیی ئۆجالانیان كرد.

ڕێپێوانی درێژمه‌ودا كه‌ له‌ ١٢ی شوبات\٢٣ی ڕێبه‌ندان له‌ شاری لۆزان به‌ره‌و شاری جنێڤی سویسرا ده‌ستی پێكرد، گه‌یشته‌ جنێڤ و له‌ به‌رده‌م بینای نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان میتینگێك ساز كرا. ڕێپێوان و میتینگه‌كه‌ كه‌ به‌مه‌به‌ستی ئیدانه‌كردنی گۆشه‌گیری سه‌ر ئۆجالان و هێرشه‌كانی سه‌ر عه‌فرین به‌ڕێوه‌چوو، له‌ لایه‌ن پلاتفۆڕمی خاوه‌نداری كردنی عه‌فرین له‌ ئه‌ورووپا ڕێكخرابوو كه‌ له‌ لایه‌ن ٨٢ كۆمه‌ڵه‌ و ڕێكخراو پێكهێنراوه‌. له ڕێپێوانه‌كه‌دا، زیاتر له‌ هه‌زار كه‌س كه‌ له‌نێویاندا ٢٠٠ ئینته‌رناسیۆنالیستی وه‌ڵاتانی ئه‌ورووپا و‌ ڕۆژنامه‌وانان، سیاسه‌تمه‌دار و ئه‌كادیمیستانی توركیا و هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان به‌شداربوون.

به‌شداربوان، چه‌ندین پۆسته‌ریان به‌رز كردبووه‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ریان نووسرابوو: «نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كۆمه‌ڵكوژی له‌ عه‌فرین بوه‌ستێنه‌» و «ئازادی بۆ ئۆجالان، ستاتۆ بۆ كوردستان». هه‌روه‌ها وێنه‌كانی ڕێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان، ئاڵاكانی په‌كه‌كه‌، یه‌په‌گه‌ و یه‌په‌ژه‌ ده‌شه‌كانه‌وه‌. له‌ میتینگه‌كه‌ بێ ناوبڕ دروشمه‌كانی «هه‌موو شوێنێك عه‌فرینه‌، هه‌موو شوێنێك به‌رخۆدانه‌»، «بژی سه‌رۆك ئاپۆ»، «نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كۆمه‌ڵكوژی له‌ عه‌فرین بوه‌ستێنه‌»، «تێرۆریست توركیا» و »بكوژ ئه‌ردۆغان» ده‌گوترانه‌وه‌.

له‌ عه‌فرین به‌ها مرۆییه‌كان ده‌پارێزرێن

له‌ میتینگه‌كه‌دا توڕه‌یی گه‌ل به‌هۆی بێده‌نگیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ به‌رانبه‌ر هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیای داگیركه‌ر گه‌یشته‌ ئاستی هه‌ره‌ باڵا. به‌شداربووان وتیان: ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی به‌ر له‌ ١٩ ساڵ ئۆجالانیان به‌ دیل گرت، ئه‌مڕۆش ده‌یانه‌وێ ئه‌و سیسته‌مه‌ی به‌ فه‌لسه‌فه‌ی ئۆجالان بنیاتنراوه‌، له‌ناوبه‌رن. وه‌ك گه‌لانی جیهان، ئێمه‌ ڕێگه‌ به‌مه‌ ناده‌ین و ‌دیلگرتنی ئۆجالان قبووڵ ناكه‌ین.

موسلیم: مرۆڤایه‌تی و دڕندایه‌تی شه‌ڕ ده‌كه‌ن

له‌ میتینگه‌كه‌دا ساڵح موسلیم، وته‌بێژی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ته‌ڤگه‌ری كۆمه‌ڵگه‌ی دێمۆكرات - ته‌ڤده‌م وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و ڕایگه‌یاند: له‌ عه‌فرین به‌رخۆدان به‌رده‌وامه‌ و گه‌ل پێكه‌وه‌ خۆڕاده‌گرن و سه‌رده‌كه‌ون.

«بێده‌نگیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ به‌رانبه‌ر هێرشی ده‌وڵه‌تی توركیا قبووڵ ناكرێت، له‌ عه‌فرین له‌لایه‌كه‌وه‌ دڕندایه‌تی، له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ مرۆڤایه‌تی شه‌ڕ ده‌كات. ئه‌مڕۆ ئێوه‌ وه‌ك گه‌لانی جیهان لێره‌ و ئێمه‌ش له‌ عه‌فرین له‌ دژی دڕندایه‌تی خۆڕاده‌گرین. با هیچ كه‌س گومانی نه‌بێت؛ ئه‌وانه‌ی خۆڕاده‌گرن، سه‌رده‌كه‌ون»

ئیدی ئه‌و كوردانه‌ هه‌ن كه‌ سیاسه‌ت داده‌ڕێژن

ساڵح موسلیم بانگه‌وازێكی ئاراسته‌ی ناتۆ و هێزه‌نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كرد و وتی:

«ئیدی له‌ به‌رانبه‌رتان ئه‌و كوردانه‌ نین كه‌ ئێوه‌ به‌ نه‌بوو هه‌ژمارتان ده‌كردن. ئیدی ئه‌و كوردانه‌ هه‌ن كه‌ سیاسه‌تی خۆیان داده‌ڕێژن. ئیدی له‌ هیچ شوێنێك به‌دوای ئه‌و كوردانه‌دا مه‌گه‌ڕێن كه‌ بۆ یارییه‌كانی خۆتان به‌كاریان بێنن، ئه‌مڕۆ ته‌نها ئه‌و كوردانه‌ هه‌ن كه‌ خۆڕاده‌گرن و سیاسه‌ت داده‌رێژن.»

 

ش. م