هێرشەکانی تورکیا لەسەر عەفرین له‌ ڕۆژه‌ڤی مێدیای جیهانیدا ماوه‌ته‌وه‌

دەوڵەتی تورکیا كه‌ تا ئێستا نه‌یتوانیوه‌ له‌ هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر عه‌فرین سه‌ركه‌وتوو بێت، به‌رده‌وام هێزی زیاتر ڕەوانەی بەرەکانی شەڕ دەکات. شەڕخوازیی ئەردۆغان و بەکارهێنانی منداڵان بۆ پڕوپاگه‌نده‌ی جه‌نگ، لە مێدیاکانی جیهاندا گرنگیی زۆری پێدەدرێت.

لە شرۆڤه‌ و لێکدانەوەی مێدیاکاندا، هێرشەکانی ئەردۆغان لەسەر عەفرین به‌ داگیرکاریی نازییەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی «سودەتیا» شوبهێندراوە.

JERUSALEM POST: : عەفرین بووه‌ به‌ سودەتیایەکی نوێ

لەو ڕۆژنامەیەدا، نووسه‌ر «رابرت ئەللیس» بە ناونیشانی «عەفرین؛ سودەتیایەکی نوێ»، وتارێکی نووسیوە و لێکدانەوەی بۆ دۆخی عەفرین و هێرشەکانی تورکیا لەسەر ئەو شارە کردووە. لە وتاره‌كه‌دا نووسەر دەڵێت: هێرشەکانی ئەردۆغان بۆ سەر عەفرین به‌ هێرشی نازییەکان بۆ سەر هەرێمی سودەتیای چیکۆسلۆڤاکیا دەچێت.

لەو لێکدانەوەیەدا نووسەر باسی بانگه‌شه‌ی «ژینگەیەکی نوێ» دەکات کە ئەردۆغان ده‌یه‌وێت بۆ پەنابەرانی سووریا لە عەفرین دروستی بکات. نووسەر ئەو وتەیەش به‌ وته‌ی نازییەکان دەشوبهێنێت کە باسی ئاواکردنی «هەرێمێک بۆ ژیان»یان لە سودەتیا دەکرد.

ڕابرت ئەللیس نووسیویه‌تی: ئەردۆغان بۆ ئەوەی لەسەر دەسەڵات بمێنێت، وه‌ڵاتەکەی خستۆتە نێو ئەو شەڕەوە. دوای ئەوەی کە پارتیی دێموکراتیی گەلان - هەدەپە لە هەڵبژاردنه‌کانی مانگی حوزەیران/جۆزەردانی ساڵی ٢٠١٥دا چووە پەرلەمانی تورکیا، ئەردۆغان قۆناغی ئاشتی پەکخست و شەڕی دەستپێکرد.

EURONEWS: تورکیا ئەو ئاگربەستەی بۆ غووتەی ڕۆژهەڵات داوای دەکات، بۆ عەفرین نایەوێت

که‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی «EURONEWS»' کە بە زۆرێک لە زمانە ئەورووپییەکان بەرنامەکانی په‌خش ده‌كات، هەواڵێکی به‌ سەردێڕی «ئەردۆگان ئەوەی بۆ غووتەی ڕۆژهەڵات داوای دەکات، بۆ عەفرین نایەوێت» بڵاوكرده‌وه‌.

لە هەواڵەکەدا هاتووە: ئەردۆغان-ی سەرۆک کۆماری تورکیا داوا دەکات لە غووتەی ڕۆژهەڵات ئاگربەست بکرێت، بەڵام یەکینەی تایبەتی خۆی دەنێرێتە عەفرین بۆ ئه‌وه‌ی لەنێو شارەکاندا دژی یه‌په‌گه‌ شەڕیان پێ بکات. 

New york times: ئەردۆغان هیوای شه‌هیدبوونی بۆ کچێکی ٦ ساڵە خواست

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمه‌ریکی، هەواڵێکی به‌ سه‌ردێڕی عه‌فرین بڵاوكردۆته‌وه‌ و باس لە کچێکی ٦ساڵە دەکات کە ئەردۆغان هیوای شەهیدبوونی بۆ دەخوازێت. 

ڕۆژنامەکە باس لەوە دەکات کە تورکیا لە مێژووی خۆیدا خاوەنی بنەمایەکی میلیتاریستی و نەژادپەرستییە و لە دوای دەستپێکردنی شەڕی عەفرین-یش کەمپینێكی نەتەوەپەرستانه‌ی بۆ شەڕ ده‌ستپێكردووه‌.

لە هەواڵەکەدا وتەی بەکارهێنەرێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک نموونە هێنراوەتەوە کە دەربارەی قسەکانی ئەردۆغان لەبارەی شەهیدبوونی کچێکی ٦ساڵە كردبووی، نووسیویەتی: «ئایا ئەردۆغان ئەو قسانە بۆ نەوەکانی خۆیشی ده‌كات؟»

مێدیاكانی ئه‌ڵمانیا و فه‌ڕه‌نسا

بابه‌تی ناردنی هێزی پشتیوانی و ڕاهێنراوی زیاتر لەلایەن تورکیاوە بۆ شەڕی عەفرین لە مێدیاکانی ئەڵمانیادا گرینگی پێدرا و خرایە ڕۆژەڤەوە.

زۆرێک لە مێدیاکانی ئەڵمانیا وه‌ك «FAZ, N-TV, Die Zeit, Euronews Deutsch» بابه‌تی ناردنی هێزی تایبەت بۆ شەڕی نێو شاریان ورووژاند.

لە مێدیاکانی فەڕەنسا-شدا گرنگی به‌ وتەکانی ئێمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەڕەنسا درا كه‌ دوێنێ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا به‌ ئەردۆغانی ڕاگه‌یاندبوو.

AFP بڵاویكرده‌وه‌‌: ماکرۆن هۆشداری داوەتە ئەردۆغان دەربارەی بڕیاری ئاگربەستی سووریا کە لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە پەسەندکراوە. ماكرۆن به‌ ئه‌ردۆغانی ڕاگه‌یاندبووه‌: ئەو ئاگربەستە بۆ تەواوی سووریایە و عەفرین-یش ده‌گرێته‌وه‌.

Liberation-یش وتەیەکی مەکرۆن-ی داناوە کە وتویه‌تی: ئەوە ئاگربەستێکی مرۆییه‌ و بۆ تەواوی سووریایە بە عەفرین-یشەوە.

 

s.m