هێزەکانی حەفتار هۆشداری دایە تورکیا

جەنەڕالی هێزەکانی حەفتار کە ڕۆژهەڵاتی لیبیا لەژێر دەسەڵاتیدایە، هوشداری دایە دەوڵەتی تورک.

فەیاز ئەلسەراج سەرۆکوەزیری حکومەتی ناوەندی تەڕابلوس ڕۆژی پێنجشەمە ڕایگەیاندبوو، تورکیا پشتگیری سەربازیان دەکات.

وتەبێژی سوپای نەتەوەیی حەفتاریش بۆ ئافریجان نیوز قسەی کرد و وتی، "چ تورکیا و چ وڵاتێکی تر ئێمە هەموو جوڵەیەکی بە گۆمان دەکەینە ئامانج."

لە لایەکی ترەوە ئەمڕۆ سەرلەشکر فەرەج مەهدەوی فەرماندەی هێزی دەریایی لیبیا لە کاردانەوەیەک دژی ڕێککەوتنەکەی دەوڵەتی 'هاوپەیمانی  لیبیا لە تەرابلوس' و دەوڵەتی تورک بۆ ناردنی سەرباز و چەک لەلایەن تورکیاوە بۆ تەرابلوس و دەستێوەردانەکانی تورکیا لە ولاتەکەی هەڕەشەی کرد.

مەهدەوی بە 'عەرەبیە'ی ڕایگەیاند:"هێزی دەریاییمان بۆ هەر ئەگەرێک ئامادەیە و توانای باشی هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێشلکردنی سنووری کەناراوەکانی لیبیا لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، هەموو ئەو کەشتییانەش بەرەو لیبیا دێن دەخرێنە ژێر کۆنترۆڵ".

مەهدەوی هەروەها وتی:"هێزی دەریاییمان لە بەرزترین ئاست خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، تا ڕێگە لە ناردنی چەک و سەربازانی تورک بۆ لیبیا بگرن".

فەرماندەی هێزی دەریایی لیبیا جەختی لەوە کردووەتەوە کە هێزەکانی ژێر فەرمانی، پێش ئەوەی تورکەکان بگەنە خاکی لیبیا دەیانکەنە ئامانج و ڕێگە نادەن کە چەکدارەکان پێشڕەوییەکان بەرەو تەرابلوس تێکبدەن.

مەهدەوی ئاشکراشی کردووە، کە لەگەڵ دەوڵەتی یۆنان ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی ڕێگە ئاوییەکانی نێوان 'دورگەی کرت لە نێوان یونان و کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی لیبیا'، بەڕووی کەشتییەکانی تورکیا بە تایبەت ئەوانەی چەک و کەلوپەلی سەربازی دەگوازنەوە دابخەن.

جێگای ئاماژەیە، شەوی ڕابردوو کەشتییەک لەژێر ئاڵای گرانادا کە لەلایەن تیمێکی تورکەوە سەرپەرشتی دەکرا، لە نزیک کەناراوی 'دەرنە' لە ڕۆژهەڵاتی لیبیا، لەلایەن سوپای نیشتمانی لیبیاوە دەستی بەسەر داگیراوە و براوە بۆ بەندەری 'ڕەئس هلال' تا بەپیی یاسا نێودەوڵەتییەکان بارەکەی بپشکێندرێت.

ف.ق