هەدەپە لە کۆڵن داوا لە دەنگدەران دەکات کە دەنگ بدەن

لەتیف پاشاهان ئەندامی پلاتفۆرمی هەڵبژاردنی هەدەپە لە کۆڵن کە ماوەی دوو مانگە بۆ هەڵبژاردنەکان بێ وەچان کار دەکات، داوای لە هەموو ئەو کەسانە کرد کە ناویان تۆمار کراوە بەشداری بکەن لە پرۆسەی دەنگداندا .

بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی و خولی ٢٧هەمینی پەرلەمانی تورکیا، لە ئەڵمانیا، نەمسا و فەرەنسا لە دوێنەوە دەستی بە پرۆسەی دەنگدان کراوە.

لە شاری کۆڵن-ی وڵاتی ئەڵمانیا لە کونسوڵخانەی تورکیا دەنگ دەدرێت. هەدەپە بە ١٧ چاودێر و ٥ کارمەندی سەر سندوقەکان، بەشدارە لە چاودێریکردنی پرۆسەی دەنگدان لەو شارە. لەدەرەوەی ناوەندەکانی هەڵبژاردنیش، کارمەندانی هەدەپە هاوکاری دەنگدەران دەکەن.

ئەندامی پلاتفۆرمی هەڵبژاردنی هەدەپە-ی کۆڵن لەتیف پاشاهان یەک لەو کارمەندانەی هەدەپەیە. لەتیف بانگی لە گەلی کورد و تورکی دانیشتووی شاری کۆڵن کرد کە دەنگی خۆیان بدەن و وتی "ئێمە دەمانەوێت لەماوەی چوار ڕۆژی سەرەتادا ئەنجامێکی گەورە بەدەست بهێنین".

'دەنگی خۆتان مەخەنە سبەینێ'

لەتیف پاشاهان بە بیری هێنایەوە کە ٢ مانگە ئەوان بۆ هەڵبژاردن خەبات دەکەن و ڕایگەیاند "بەو ئامادەکاریە گرنگی دەنگدان دەستنیشان کرا. یەکەم ڕۆژی دەنگدان زۆر قەرەباڵخ نەبوو. ئێمە بانگ لە دەنگدەرانی هەدەپە دەکەین کە بێنە سەەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆیان بدەن. لەبەرئەوەی کە تەنانەت یەک دەنگیش زۆر گرنگە. بۆئەوەی کۆتایی بە دیکتاتۆریی کەسێک بهێنین، دەبێت هەموو کەس دەنگ بدات. ئەگەر ئێمە وڵاتێکی دیموکراتی و ئازاد و یەکسانمان دەوێت، ئەوا دەنگی ئێمە زۆر گرنگە. ئێمە هەر ئەمڕۆش دەنگی خۆمان دەدەین. ئێمە دەنگی خۆمان بۆ سبەی یان بۆ هەفتەی داهاتوو دوا ناخەین. زۆر گرنگە کە ئێمە هەرچی زووە دەنگی خۆمان بدەین".

زۆربەی دەنگدەرانی دەرەوەی وڵات لە هەر سێ وڵاتی ئەڵمانیا، فەرەنسا و نەمسا دان. پرۆسەی دەنگدانیش لەو وڵاتانەدا، لە دوینیوە  دەستیپێکرد و هەتا ڕۆژی ١٩ی حوزەیران/٢٩ی جۆزەردان بەردەوام دەبێت. ڕۆژانە دەنگدەران دەتوانن لە نێوان کاتژمێرەکانی ٩ ی سەرلەبەیانی هەتا ٩ ی شەو دەنگی خۆیان بدەن.

ک-ش