هەوا پاکبووەتەوە هیمالایا لە دەشتی هینتی هندستانەوە دەرکەوتەوە

چیای هیمالایا لە دواى ٣٠ ساڵ لە دەشتی هینت لە وڵاتی هندەستانەوە دەرکەوتەوە.

دانیشتوانی پەنجاب لە باکووری هندستان، کە ٢٠٠ کیلۆمەتر لە زنجیرە چیایی هیمالایاوە دوورن، توانییان دواى ٣٠ ساڵ بەهۆی پاکبوونەوەى هەواوە دووبارە ئەو چیایە ببیننەوە.

دانیشتوانى پەنجاب وێنەى دەرکەوتنەوەى چیالای هیمالایایان گرت و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویانکردەوە. یەکێک لە بەکارهێنەرانی تویتەر وێنەیەکى چیای هیمالایای بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی "هیمالایا... زۆر دوورە، بەڵام زۆر نزیکە. لە دوایدا لە دەشتەوە بینیمانەوە".

بەکارهێنەرێکی تر باسی ئەوەیکردووە، "لە بانی ماڵەکەمەوە بۆ یەکەمجارە ئەو دیمەنە دەبینم و هەرگیز ئەوەم بە بیردا نەدەهات، کە ئەوە رووبدات... ئەوە نیشانەى خراپیی ئێمە، کە خاکی دایکمان پیس کردووە".

بەکارهێنەرێکى تر لە پاتهانکۆتەوە تویتێکى کردووە و نووسیویەتى "سەرلەنوێ سروشت دەژییەتەوە".

بەپێی راپۆرتێکى تەلەفزیۆنی سی ئێن ئێن مانەوە لە ماڵەوە بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا (Covîd-19) بووەتە هۆی ئەوە پیسبوونی جیهان کەم ببێتەو، بۆیە چیای هیمالایا لە دواى ٣٠ ساڵ و لە دووریی ٢٠٠ کیلۆمەترەوە لەلایەن هاووڵاتییانەوە بینراوەتەوە.

 

لە هندستان بەهۆی مانەوە لە ماڵەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەى پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا، پیسی هەوا لە نیودێلهیی پایتەختی ئەو وڵاتە بە رێژەى سەدا ٤٤ کەمیکردووە. مانەوە لە ماڵەوە بووەتە هۆی ئەوەش لە سەرتاسەری ئەو وڵاتەدا هەوای ٨٥ شار بە رێژەیەکى بەرچاو پاک ببنەوە.

مانەوە لە ماڵەوە بۆ خۆپاراستن لە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەریی زۆر باشی بۆ سەر ژینگە و سروشت هەبوە و پەیمانگەیى جیهانیی فیزیا دوێنێ رایگەیاندبوو، بەهۆی نەمانی جموجوڵی مرۆڤ، ئۆتۆمبێل و شەمەندەفەرەکانەوە جوڵەى هەناویی زەویی کەمیکردەوە و بەو هۆیەشەوە بومەلەرزە کەمیکردووە. هەروەها پسپۆڕان لە لێکۆڵینەوەیەکدا لە گۆڤاری نەیچر بڵاویانکردەوە، کە توێژی ئۆزۆن لە جەمسەری باشوور لە خۆی نوێکردنەوەدایە.

ژ.ت

توێژی ئۆزۆن لە جەمسەری باشوور لە خۆ نوێکردنەوەدایە

****

مانەوە لە ماڵەوە بومەلەرزەى کەم کردووەتەوە!