وەزیری دەرەوەی سوید: داوای ڕاگرتنی هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین دەکات

مارگۆت واڵسترۆم، وەزیری دەرەوەی سوید دەڵێت، بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە سوریا، سەرتاسەری خاکی سوریایە و عەفرینیش دەگرێتەوە، دەبێت تورکیا هێرشەکانی خۆی بۆ سەر عەفرین ڕابگرێت.

لە پەرلمانی سوید چەند پەرلەمانتارێک لە بارەی هێڕشی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین پرسیاریان ئاراستەی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کرد و دوایان لێکرد حکومەتی سوید بۆ وەستاندنی ئەو هێرشە هەلوێستیکی کارا بنوینێت و بکەوێتە هەوڵدانەوە.

ئەو پەرلەمانتارانە باسیان لەوە کردبوو، کە سوپای تورکیا لە دژی هاوڵاتیان چەکی کیمیایی و قەدەغەکراو بە کار دەهێنێت.

مارگۆت واڵسترۆم وەڵامی پرسیاری ئەو پەرلەمانتارانەی دایەوە و وتی: بە قووڵتربوونەوەی شەڕی ناوخۆی سوریا دۆخەکە ئاڵۆزتربووە و گەیشتن بە چارەسەرییەکی سیاسی ئەستەمتر بووەتەوە.

واڵسترۆم وتیشی: بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاگربەستی سوریا هەموو خاکی سوریا، واتە عەفرینیش دەگرێتەوە، حکومەتی سوید ئەوە بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕادەگەیەنێت.

لە بارەی بە کارهێنانى چەکی کیمیای لە شەڕی عەفریندا وتی، دەبێت لەو بارەوەیە لێکۆڵینەوە ئەنجام بدرێت و ئەوە بابەتێکی زۆر جدییە.

ر.م