وەزیری دەرەوەی فه‌ڕه‌نسا بۆ توركیا: سنوور به‌ كوشتنی خه‌ڵكی سیڤیل ناپارێزرێت

وەزیری کاروباری دەرەوی فه‌ڕه‌نسا لە به‌رانبه‌ر هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین ڕایگه‌یاند؛ «پاراستنی سنوور بە کوشتنی خەڵکی سیڤیل ناكرێت.»

ژان ئیڤ لو دریان، وەزیری دەرەوەی فه‌ڕه‌نسا لە چاوپێکەوتنێکیدا له‌گه‌ڵ ته‌له‌فزیۆنی «بی ئێف ئێم»ی فه‌ڕه‌نسا، باسی هێرشی سوپای تورکیای كرد بۆ سەر عەفرین.

دریان ئاماژەی بۆ ئه‌وه‌ كرد؛ پاراستنی ئاسایشی سنوور بۆ هەر وه‌ڵاتێک مافێکی ڕه‌وایه‌، به‌ڵام ئاسایشی سنووره‌كان به‌ كوشتنی هاوڵاتیانی سیڤیل  ناپارێزرێت. پێویسته‌ مرۆڤ شه‌ڕ بۆ سووریا زیاد نه‌كات. هێشتا داعش له‌ سووریا له‌ناونه‌چووه‌. 

له‌ درێژەی قسەکانیدا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا وتی؛ ده‌بێ سوپای تورکیا و هێزە بیانییه‌كانی دیكه‌ له‌ سووریا بكشێنه‌وه‌. ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد؛ پڕۆسه‌ی ئاشتی به‌ چاودێری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان گرنگه‌، له‌ بارودۆخێكی جیاوازتر له‌وه‌ «شه‌ڕ بۆ شه‌ڕ زیاد ده‌بێ» و دۆخێكی دراماتیك له‌گه‌ڵ خۆی دێنێت.

ناوبراو ڕاشیگه‌یاند؛ كورد له‌ ڕزگاركردنی ڕه‌قادا بوونه‌ نموونه‌ و بڕیارده‌ر، پێشمه‌رگه‌ش له‌ شه‌ڕی داعشدا‌ ڕۆڵێكی گرنگیان بینی. 

ژان ئیڤ لو دریان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا ڕایگه‌یاند؛ ١٠٠ ئه‌ندامی داعش كه‌ به‌ ڕه‌گه‌زنامه‌ فه‌ڕه‌نسایین، له‌ ده‌ستی هێزه‌ كوردییه‌كان دان. وه‌زیر وتی؛ ئه‌و شه‌ڕكه‌رن، فه‌ڕه‌نسین به‌ڵام دوژمنی ئێمه‌ن. له‌ ئه‌نجامدا له‌ لایه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌ی شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ كردوون سزا ده‌درێن.

 

ش. م