پارتی سۆسیالیستی ئەوروپا: دەبێت تورکیا لە خاکی عەفرین بچێتە دەرەوە

پارتی سۆسیالیستی ئەوروپا داوای لەحکومەتی تورکیا کرد کە شەڕ لە عەفرین ڕاوەستێنێت و سوپاکەی لە عەفرین بکشێتەوە

 

ئەمڕۆ سەرۆکایەتیی پارتیی سۆسیالیستی ئەوروپا دەربارەی هێرشی سوپای داگیرکەری تورکیا بۆ سەر عەفرین ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوی پارتی سۆسیالیستی ئەوروپادا هاتووە: زیاتر لە ٥٠ ڕۆژە کە سوپای تورکیا لەگەڵ چەند گروپێکی جیهادی هێرشی بۆ سەر عەفرین دەستپێکردووە کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزە کوردییەکاندایە.

لە بەردەوامی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، تورکیا دەڵێت کە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچە سنوورییەکانی ئەو هێڕشەی دەستپێکردووە، بەڵام هێڕش بۆ سەر خاکی باکووری سوریا و سیستمی خۆبەڕێوبەریی دیموکراتی بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت.

هەروەهادەستنیشان کراوە: ئێمە وەک پارتی سۆسیالیستی ئەوروپا ڕایدەگەیەنین، کە بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە دەستمان گەیشتووە، گیانی سەدان هەزار هاوڵاتی مەدەنی بەهۆی ئەو هێڕشەوە کەوتووەتە مەترسییەوە، هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر باکووری سوریا بە توندی شەرمەزاردەکەین، بەگوێری یاسا نێودەوڵەتییەکان دەبێت هاوکاری و یارمەتی پێویست بدرێتە هاووڵاتیانی عەفرین و لەلایەکی دیکەوە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاگربەست لە بارەی عەفرینیشدا جێبەجێبکرێت.

لە کۆتاییدا بەیاننامەکەدا  هاتووە کە دەبێت حکومەتی تورکیا هێرشەکەی بۆ سەر عەفرین ڕابگرێت و سوپاکەی لە عەفرین بکشێتەوە.

ک-ش