لەحەوتەمین ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژکردنی سێ ژنە شۆڕشگێڕی کورد لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، لەژێر دروشمی"ئیدی بەسە لە ٧ ساڵی بێ سزا" خۆپیشاندان و چالاکی بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆش لە پاریس بەپێشەنگایەتی تەژەکە-ئەوروپا، خۆپیشاندانیکی فراوان لە کاتژمێر ١١:٠٠ لە شەقامی گارەدونۆرد دەستیپێکرد.
لە خۆپیشاندانەکەدا بەهەزاران کەس لە ژن و گەنج لە وڵاتانی ئەڵمانیا، سویسرا، فەرەنسا، بەلجیکا، هۆڵەندا، ئوسترالیا و بەریتانیا خۆیان گەیاندە پاریس و بەشدارییان تێیدا کرد.
هاوکات پانکارت و وێنەی هەرسێ ژنە شۆڕشگێر ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز بەرزکرابوونەوەو بە وتنەوەی دروشمەکان هەردوو حکومەتی فەرەنسا و دەوڵەتی تورکیان ئیدانەکرد.
خۆپیشاندەران ڕایانگەیاند، کە سەرەڕای ئەوەی پشتڕاستکراوەتەوە کە ئەو کۆمەڵکوژییە لەلایەن میتی دەوڵەتی تورک-ەوە ئەنجامدراوە، بەڵام هیچ هەوڵدانێک بۆ دەستنیشانکردن و بەسزاگەیاندنی بکەرانی ئەو تاوانە نەکراوە، داوای ماف و دادگەری نوێشیان کرد.
هاوکات جگە لە کوردان چەندان هاوڵاتی بیانی و ئازادیخواز، نوێنەرانی پارتیە سیاسیەکانی پاریس بەشداری خۆپیشاندانەکەیان کرد و پشتیوانی خۆیان بۆ گەلی کورد دەربڕی.
خۆپیشاندەران لە شەقامی گارەدونۆردێ کۆبوونەوەو بەیەک دەنگ بانگەوازییان کرد کە بکەرانی کۆمەڵکوژییەکە دەستنیشان بکرێت و بەسزا بگەیەندرێت.
ب.ش