پارەیەک ئەوروپا بۆ پەنابەرانی ناردووە ئەردۆغان خواردویەتی

ئاشکرا بوو، ئەو پارەیەی کە یەکێتی ئەوروپا بۆ پەنابەران داوەتەتورکیا لە تورکیا دیار نەماوەو خوراوە. دەزگای کۆنترۆڵی یەکێتی ئەوروپاش نازانێت چی بەسەر ملیاران یۆرو پارەی بەنابەران هاتووە.

 

"ئەنقەرە ڕێکەوتنی پەنابەرانی بۆ پارە خواردن قۆستوەتەوە"

 پاش ئەوەی لە ساڵی ۲۰۱٦ لە نێوان بڕۆکسل و ئەنقەرە ڕێککەوتنێک سەبارەت بە پەنابەران واژۆ کرابوو و زۆر بە شان و باڵیشیدا هەڵدرابوو و وا بە ڕایگشتی ئەوروپا ڕاگەیەندرابوو، ئەم ڕێککەوتنە چارەسەری ڕیشەیی پرسی پەنابەران دەکات. بەڵام دەرکەوتووە ڕێککەوتنەکە تەنها بووەتە ئامرازێکی ڕەوانەکردنی بەلێشاوی پارە لە ئەوروپاوە بۆ تورکیا و وێڕای لە ڕواڵەتدا کەم بوونەوەی کۆچی پەنابەران، بەڵام دیسان نەیتوانیوە کۆچەکە ڕاگرێت و بەشێوازی جودا بەردەوامە و ئەو پارەیەشی کە بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کراوە نازانرێت؟چی بەسەر هاتووە.

"ئەنقەرە ۳ ملیارد یۆرۆی لە ئەوروپا وەرگرتووە"

بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە نزیکە ۳ ملیۆن پەنابەری، سوری، ئێراقی، ئەفغانی و هی چەند وڵاتێکی دیکە، کە بەمەبەستی گەشتن بە ئەوروپا لە تورکیا گیرساونەتەوە. بۆ ئەوەی پەنابەرەکان بۆ هەمیشە لە تورکیا نیشتەجێ بکرێن، یەکێتی ئەوروپا ٦ ملیارد یۆر  بداتە تورکیا. تا ئێستاش نیوەی ئەو پارەیە دراوەتە تورکیا. بە گوێرەی لێدوانی سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا، ژان کلود یونکەر، لە داهاتوویەکی نزیکدا نیوەکەی تری بڕە پارەکە کە ۳ ملیارد یۆرۆیە دەدرێتە سەرانی ڕژێمی تورکیا.

"ئەنقەرە پارەی پەنابەرەکانی دیزە بەدەرخۆنە کردووە"

لە سەر مژارەکەش،"تۆڕی هاوکاری و لێکۆڵینەوەی ئەوروپاـ EIC و گۆڤاری دێر شپیگلی ئەڵمانی"، ڵێکۆڵینەوەیەکی هاوبەشیان کردووە و  ڕایانگەیاندوە:" وەک لە ڕێککەوتنی نێوان تورکیا و ئەوروپادا پلانی بۆ کراوە، کار لە سەر پرسی پەنابەران نەکراوە. ئەو بڕە پارەیەشی دراوەتە تورکیا ون بووە و نازانرێت چۆن و لە کوێ و بۆ چی خەرج کراوە ". ئەوەش دەری دەخات، ئەنقەرە پارەی پەنابەرەکان کە لە ئەوروپای وەرگرتووە دیزە بەدەرخۆنە کردووە و بۆ مەرامی خۆی بەکاری هێناوە.

"۹۰ ملیۆن یۆرۆ بۆ دروستکردنی نەخۆشخانە دراوە، نەخۆشخانەش بوونی نییە"

لە چوارچێوەی هاوکاریکردنی پەنابەران لە تورکیا، بۆ جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژە، ئەوروپا پارەی کاشی داوەتە سەرانی تورکیا، بەڵام وێڕای ئەوەی پارەکە خەرج کراوە، لێ پڕۆژەکان بوونیان نییە. لەو پڕۆژانەش کە دەبوو دروست بکرێن دوو نەخۆشخانەی ۳۰۰ و ۲٥۰ قەرەوێڵەیی بوون، بەڵام پارەی هەردوو پڕۆەکە خوارەوە و نەخۆشخانەکانیش بوونیان نییە.

"لە ۳۹ خوێندنگە دروستکردنی ٨ یان دەستیان پێکراوە"

بەگوێرەی لێکۆڵینەوە هاوبەشەکەی" تۆڕی هاوکاری و لێکۆڵینەوەی ئەوروپاـ EIC و گۆڤاری دێر شپیگلی ئەڵمانی"، پارەخواردنەکە تەنها دروست کردنی نەخۆشخانەکانی نەگرتووەتەوە و خوێندنگەکانیش پشکی شێریانبەرکەوتووە. لەوبارەوە ئاشکرا کراوە، "لە کۆی ۳۹ خوێندنگە کە دەبوو لە ۱٤ هەرێمی تورکیا بۆ،پەنابەرەکان دروست بکرێن، تا ئێستا ٨ خوندنگەیان  دەست بە دروستکردنیان کراوە و ئەوانی دیکە پارەکانیان خوراوە و بوونیان نییە"

"۲۷ ملیۆن یۆرۆ بۆ پەنابەران دراوەتە تورکیا دیار نییە"

ڕاپۆرتە هاوبەشەکە ئاشکراشی کردووە،" وەک دەستپێکێک بۆ کارەخزمەتگوزارییەکانی سورییەکان ۱٥ ملیۆن یۆرۆ دراوەتە یەکێتی بۆرسە و ژوورە بازرگانییەکانی تورکیاـ(TOBB)، بەڵام ئەو پارەیەش نازانرێت چۆن و بە چ مەبەستێک خەرج کراوە. لە مانگی ئابێ ساڵی ۲۰۱٦دا، بڕی ۱۲ ملیۆن یۆرۆی دیکە بۆ خواردن، خزمەتگوزاری تەندروستی سورییەکان دراوەتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کۆچی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، بەڵام ئەویش ون بووە و نازانرێت چی بە سەر هاتووە ".

"ڕێککەوتنی نێوان ئەنقەرە و برۆکسل لە بارەی پەنابەران چییە"

لە ڕێککەوتی ۱٨ی  مانگی ۳ی ساڵی ۲۰۱٦دا، لە میانی  کۆبوونەوەی لوتکەی یەکێتی ئەوروپادا ڕێکەوتنامەیەک لە نێوان تورکیا و بیست و هەشت سەرکردەکەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپادا واژۆ کرابوو و ئامانج لێی ڕێگری بوو لە شەپۆلی کۆچی پەنابەران بۆ وڵاتانی ئەوروپا. بەپێی ڕێککەوتنەکە، ٦ ملیارد یۆرۆ بدرێتە تورکیا تا پەنابەرەکان لە تورکیا نیشتەجێ بکات و بەو پارەیە ژمارەیەک پڕۆژەش جێبەجێ بکات. هەروەها بەپێی ڕێککەوتنەکە، هەر پەنابەرێک بگاتە یۆنان و لە داوى ئەوەى دادگایى کرا و داواى مافى پەنابەرییەکەى قبوڵ نەکرا، ڕەوانەى تورکیا دەکرێتەوە بەو مەرجەى کە ژیانى نەکەوێتە مەترسییەوە. لە بەرامبەریشدا ڤیزاى شنگن بۆ هاوڵاتیانى تورکیا دابین دەکرێت و کارئاسانى بۆ دەکرێت بۆ بوون بە ئەندام لە یەکێتى ئەوروپادا. ئەمەو بەگوێرەی ڕێککەوتنى نێوان تورکیا و یەکێتى ئەوروپا لە بەرامبەر گەڕاندنەوەى هەر پەناخوازێکى سوریدا بۆ تورکیا، پەناخوازێکى دیکەى سورى لە یەکێک لە کەمپەکانى پەنابەرى بەشێوەى یاسایى دەنێردرێت بۆ وڵاتانى یەکێتى ئەوروپا بەمەرجێك كۆی ئەو كۆچبەرانەی بەفەرمی دەنێردرێنە ئەو وڵاتانە لە ٧٠ هەزار تێپەڕ نەکات.

چەندین ڕێکخراوی بواری مافی مرۆڤ و پەنابەران و ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەران لە یۆنان و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا ناڕەزاییان دژی ڕێککەوتنەکە دەربڕی بووە و بە پێشێلکەری مافی پەنابەران لە قەڵەمیان دابوو و  داوای هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنە و بڕیاری ڕەوانەکردنەوەی زۆرە ملێ پەنابەرانیان لە یۆنان و وڵاتانی تری ئەوروپا کردووە.

ئێستاش دوای دوو ساڵ ئاشکرا بووە، وێڕای ئەوەی ڕێککەوتنەکە پێشێلی مافی پەنابەران بووە، شکستیشی هێناوە و تەنها ڕژێمی تورکیا لێی سودمەند بووە و بۆ مەرامی تایبەتی خۆی بەکاری هێناوە ویەکێتی ئەوروپای هەڵخەڵەتاندووە. هاوکات بەگوێرەی سەرچاوە گەلێکی باکوری کوردستان، ڕژێمەکەی ئەردۆغان بەشێک لەو پارەیەی بۆ دروستکردنی دیوار شەرم لە نێوان سنوری باکور و ڕۆژئاوای کوردستان و نیشتەجێکردنی بەشێک لە بەنابەرەکان لە سەر زێد و واری کورد خەرج کردوە تا بەو شێوەیە دیموگرافیای کوردستان بگۆڕێت.
دوابەدوای ئەم ئاشکرابوونی ئەم ڕاستیانە دیار نییە، ئایا یەکێتی ئەوروپا دیسان ئامادەیە بەردەوم بێت لە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ تورکیا  و بڕی ۳ ملیارد یۆرۆکەی کە ماوە ڕادەستیان بکات، یان ڕێککەوتنەکە ڕادەگرێت؟ بێگومان ڕۆژانی داهاتوو مژارەکە ڕوون دەکەنەوە.

هـ.هـ