پنتاگۆن: هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ کشانەوەمان لە منبج

پنتاگۆن رایگەیاند، ئەو ڕووداوانەى لە عەفرین ڕوودەدەن، نیگەرانیى بۆ دروستکردوون. لەبارەى ئەو هەڕەشانە، کە لە منبج دەکرێن ڕاشیگەیاند "هەموو لایەنەکان دەزانن سەربازانى ئەمریکا لەوێن و بۆ ئەوەى شەڕ ڕوونەدات هەموو ڕێوشوێنێک دەگرینەبەر".

رۆبێرت مینینگ وتەبێژى وەزارەتى بەرگریى ئەمریکا (پنتاگۆن) لە کۆنفڕانسى ڕۆژنامەوانیى هەفتانەیەدا هۆشداریى دا، ئەگەرى ئەوە هەیە شەڕی عەفرین ببێتە دەرفەتێک بۆ چەتەکانى داعش و سەرلەنوێ خۆیان بەهێز بکەنەوە. مینینگ دەستنیشانیشکرد، ئەو شەڕە لە عەفرین، کە دەبێتە دەرفەت بۆ داعش تاوەکو خۆى کۆبکاتەوە، دەبێت کۆتایى پێ بهێنرێت.

وتەبێژەکەى پنتاگۆن نیگەرانیى خۆى لەسەر کوشتنى هاووڵاتیان لە عەفرین دووبارە کردەوە و وتیشى "لەبەر ئەوەى زانیارییمان پێدەگات، کە هاووڵاتییان پێداویستیى مرۆیى و ئاوى پاکیان دەست ناکەوێت و بۆ ئەوەش نیگەرانین".

ڕێوشوێنى پێویست بۆ دۆخى سەربازی لە منبج دەگیرێتە بەر

لە بارەی هەڕەشەکانى ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورک بۆ سەر منبج، کۆبانێ و باشوورى کوردستان پرسیار لە وتەبێژەکەى پنتاگۆن کرا و مینینگ لە بارەى هەڕەشەى سەربازى لە هێزەکانیان لە مبنج هۆشداریى دا.

لە بارەی ئەو هەڕەشانەى لە سەربازانى ئەمریکا لە منبج دەکرێن، مینینگ وتى "لە بابەتى بوونى سەربازانى ئەمریکا لە منبج، ئەمریکا زۆر ڕاشکاو و کراوە بووین. هەموو لایەنەکان دەزانن سەربازانى ئەمریکا لەوێن و بۆ ئەوەى شەڕ ڕوونەدات هەموو ڕێوشوێنێک دەگرینەبەر".

"هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ کشانەوەمان لە منبج"

لە وەڵامى ئەو پرسیارەدا کە "سەربازانى ئەمریکا لە منبج دەکشێنەوە یان نا؟" وتەبێژەکەى پنتاگۆن وتى "ئاماژەیەکى لەو شێوەیە بوونى نییە" و لە وەڵامى پرسیارى "ئێوە نیازى ئەوەتان هەیە سەربازەکانتان لە منبج بکشێننەوە؟"، مینینگ وتى "هیچ ئاماژەیەکی پێچەوانەى ئەوە بوونى نییە".

ر.م