په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا داوا له‌ توركیا ده‌كات له‌ عه‌فرین بكشێته‌وه‌

پڕۆژه‌بڕیاری په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا ده‌رباره‌ی هێرشه‌كانی توركیا له‌سه‌ر عه‌فرین په‌سه‌ند كرا و داوا له‌ توركیا كرا له‌ عه‌فرین بكشێته‌وه‌.

ده‌رباره‌ی بارودۆخی سووریا پڕۆژه‌بڕیارێك له‌ لایه‌ن فراكسیۆنه‌كانی كرستیانه‌دیموكراته‌كان، سۆسیال-دیموكرات، پارێزگاران، لیبڕاڵ و سه‌وزه‌كان له‌ په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا ئاماده‌ كرابوو، ئه‌مڕۆ له كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا له‌‌ ستراسبۆرگ به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سه‌ند كرا.

له‌ ده‌قی بڕیارنامه‌كه‌دا، ڕسته‌ی «په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا ده‌رباره‌ی ده‌ستێوه‌ردانی توركیا له‌و هه‌رێمانه‌ی له‌ ده‌ستی كوردان دایه‌ به‌گومانه‌» زیاد كرا.

له‌ بڕیارنامه‌كه‌دا هاتووه‌، هێرشه‌كانی توركیا له‌سه‌ر عه‌فرین شه‌ڕی سووریا ده‌باته‌ ئاستێكی دیكه‌، كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر هه‌وڵدانه‌كانی چاره‌سه‌ری و هاوسه‌نگییه‌ناوخۆییه‌كان ده‌كات و گومان ده‌رباره‌ی بارودۆخی مرۆیی دروست ده‌كات. ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش كراوه‌ هاوڵاتیانی سیڤیل كوژراون.

په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا داوای له‌ توركیا كردووه‌ هێرشه‌كانی سه‌ر عه‌فرین بوه‌ستێنێت.

له‌ بڕیارنامه‌كه‌دا ده‌ستنیشان كراوه‌، ده‌رباره‌ی شه‌ڕی سووریا به‌گومانن و داوا له‌ توركیا ده‌كه‌ن سه‌ربازانی خۆی له‌ عه‌فرین بكشێنێته‌وه‌.

ده‌رباره‌ی ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی به‌رپرسیارن له‌ تاوانی جه‌نگ و مرۆڤایه‌تی له‌ سووریا، په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا داوای كردووه‌ یه‌كێتیی ئه‌ورووپا لێپێچینه‌وه‌ بكات و سزای ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ بدات.

s.m