پۆلیسی بێرنی سویسرا بەهۆی دەنگی چەکەوە مزگەوتی رەحمانی گەمارۆدا

پۆلیسی کانتۆنی بێرنی سویسرا لە دواى بیستنی دەنگی چەک گەمارۆی مزگەتى رەحمانی دا. ئەو مزگەوتە لە میدیاکان و رای گشتیی سویسرادا قسەى ئەوەى لەسەر بووە، کە چەتە بۆ گرپە چەتەکەى داعش کۆ دەکاتەوە.

پۆلیسی کانتۆنی بێرن هاتوچۆیان لە شەقامەکانى دەورووبەری مزگەوتى رەحمان داخست و مزگەوتەکەیان گەمارۆدا و دەستیان بە ئۆپراسیۆن کرد. گەرچی بەهۆی گەمارۆدانى ناوچەکەوە ئەنجامێکی روون لەسەر ئۆپراسیۆنەکە لەبەردەستدا نییە، بەڵام دەیان ئۆتۆمبێلی هێزەکانى پۆلیس و ئامبولانس رەوانەى ئەو ناوچەیە کراون.

پۆلیسی بێرن لە ئەکاونتی تایبەتیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاویکردەوە، ئۆپراسیۆنەکە بەهۆی بیستنی دەنگی چەک لەو ناوچەیەدا ئەنجامدراوە.

بەپێی زانیاریەکان پۆلیس بۆ ئەوەى هۆکاری دەنگی چەکی لەو ناوچەیەدا بۆ روو بێتەوە، ئۆپراسیۆنی بۆ مزگەوتەکە و ماڵەکانى ئەو دەورووبەری مزگەوتەکە دەستپێکردووە.

مزگەوتی رەحمان لەوە پێش قسەوباسی زۆری لە ناو میدیاکان و رای گشتیدا لەبارەی کۆکردنەوەى چەتە بۆ گروپە چەتەکەى داعش و گروپە جیهادییەکانى تر لەسەر کرابوو، چونکە ژمارەیەکى زۆر لەو کەسانەى هاتوچۆی ئەو مزگەوتەیان کردبوو چوونەتە ناو گروپی چەتەکەی داعش.

لە بەردەوامیی ئەو رووداوانەدا بە تۆمەتى پێشکەشکردن و کۆکردنەوەی هاوکاریی دارایی بۆ گروپە جیهادییەکان سکاڵا و لێکۆڵینەوە لەسەر ئەبوو رەمەزان مەلای مزگەوتەکەى رەحمان دەستیپێکردبوو. لەو لێکۆڵینەوانەدا ئەوە ئاشکرابوو، ئەبو رەمەزان مەلای مزگەوتی رەحمان خۆی وەک بێکار بە دەوڵەتی سویسرا ناساندووە و بەو هۆیەشەوە لە ساڵانی ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١٧ بڕی ٥٩٠ هەزار فرانکی سویسری پارەى بێکاریی لە دەوڵەتى سویسرا وەرگرتووە.

ژ.ت