'پێدەچێت لە دوو ساڵی داهاتوودا ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی'

ژان یوڤیس لی دریان  وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاند، ئەگەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران هەڵبوەشرێتەوە، پێدەچێت لە دوو ساڵی داهاتوودا ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

ژان یوڤیس لی دریان  وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بۆ ڕادیۆی (ئاڕ تی ئێڵ) قسەی کرد و وتی، "ئێران لە ئێستادا ناتوانێت ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی، بەڵام ئەگەر ڕێککەوتنی ڤیەننا بەم شێوەیە تێکبدرێت، ئێران لە ماوەی ساڵیک یان دوو ساڵی داهاتوو دەتوانێت ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی."

دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٨ دا دۆنالد تڕمەپ خۆی لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشاندەوە، ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە ڕۆژ بە ڕۆژ بێواتا دەبێت.

فەڕەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، ڕووسیا و چین پشتگیری خۆیان بۆ ڕێککەوتنەکە بەردەوامی پێدەدەن. بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە ئەمریکا ڕازی بکەنەوە کە بەشداری ڕێککەوتنەکە بکاتەوە.

دوای ئەوەی قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودس لە ٣ی کانونی دووەمدا لە بەغدا کوژرا، ئێران هەموو ئاستەنگەکانی بەردەم دەوڵەمەندکردنی یورانیومی هەڵگرت.

بە پێی رێککەوتنی ڤیەننا ئێران دەستی لە پڕۆسەی دەوڵەمەندکردنی یورانیوم بەردا و لەبەرامبەر سزاکانی سەر ئێران سووک دەکران.

ف.ق