وەزارەتی بەرگریی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە راگەیێندراوێکدا هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق پشتڕاست کردەوە و ئاشکرای کرد: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوار شەممە، هێزەکانی ئێران بە ۱۲ مووشەکی بالیستی دوور هاوێژ دوو بنکەی سەربازیی هێزەکانی ئەمریکایان لە عەین ئەسەدی پارێزگای ئەنبار و پارێزگای هەولێر کردوەتە ئامانج".
پەنتاگۆن بانگەشەی کردووە، پێشتر لە نیازی ئێران ئاگاداربوون و وەزارەتەکەیان ڕێکارەکانی خۆپاراستنی گرتووەتەبەر و لە کاتی هێرشه موشەکیەکەی ئێراندا سەرجەم بنکە سەربازیەکانیان لە ئێراق و ناوچەکە لە ئامادەباشیدا بوون.
پێنتاگۆن سەبارەت زیانەکانی هێرشەکە زانیاری نەداوە، لێ ڕایەگەیاندووە: "لە ئێستا سەرقاڵی خەمڵاندنی زیانەکانی هێرشەکەن".
بە گوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵی ئەمەریکا، دۆناڵد ترامپی سەرۆک کۆمار و گەورە بەرپرسانی دیکەی ئەمەریکی لە کۆشکی سپی کۆبونەوەتەوە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخەکە و گرتنەبەری ڕێکار بەرامبەر بە ئێران.
پاش ئەوەی کۆبوونەوەکە تەواو بووو لە سەر مژارەکە ترامپ لێدوانی بۆ ڕای گشتی ئەمەریکا و جیهان نەدا وەک پێشتر ڕاگەیەندرا بوو. بۆیە دیار نییە لە کۆبوونەوەکەدا چۆن باس لەسەر مژارەکە کراوە و ستراتیژی و هەڵوێستی ئەمەیکا بەرامبەر بە ئێران چۆن دەبێت.
هـ.هـ