پێنتاگۆن ؛هیچ بەڵگەیەک نییە کە چەکی ئێمە گەیشتبێتە عەفرین

وەزارەتی پاراستنی ئامریکا، ڕایگەیاند: بەپێچەوانەی قسەکای تورکیا، هیچ بەڵگەیەک نییە کە بیسەلمێنێ، ئەو چەکانەی دراون بە یەپەگە، گەیشتبێتە عەفرین

 

ئێریک پاهۆن، وتەبێژی وەزارەتی پاراستنی ئامریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەوانی دایەوە و سەرنجی ڕاکێشایە سەر شەڕڤانانی هەسەدە کە بۆ پاراستنی عەفرین لە کانتۆنەکانی باکووری سووریاوە چوونەتە ئەو هەرێمە.

پاهۆن، لەوەڵامی پرسیارێکدا ڕایگەیاند کە هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێ ئەو چەکانەی ئامریکا بۆ شەڕی دژی داعش داویەتی بە شەڕڤانان، نێردرابنە عەفرین.

پاهۆن، ئاشکرای کرد کە ئەو چەکانەی دراون بە هەسەدە، لەلایەن بەرپرسانی سەربازی ئامریکاوە چاودێری دەکرێن.

پێشتریش هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، ڕاگەیەنراوێکی بەو شێوەیەی بڵاو کردبۆوە.

سوپای تورکیا کە لە عەفرین گورزی قورسی لێدەدرێ، هەوڵ دەدا هۆکاری شکستەکانی خۆی لە هەمبەر بەرخۆدانیی سەردەم، بۆ جۆری ئەو چەکانە پێشان بدات کە لەدەستی شەڕڤانانی هەسەدە و یەپەگە دایە.

هەرە دوایی ڕکس تیلرسن، وەزیری دەرەوەی ئامریکا کە لە ئانکارای پایتەختی تورکیایە، ڕایگەیاندبوو کە چەکێکی گرانمان نەداوەتە یەپەگە هەتا لێیان بستێنینەوە.

 

ک-ش