پەرلەمانتارانى سویسرا داوا دەکەن حکومەتەکەیان چەک بە تورکیا نەفرۆشێت

٢٢ پەرلەمانتارى سویسرا پرۆژە یاسایەکەدا باسى ئەوەیان کردووە، تورکیا لە هێرشکردنە سەر عەفریندا یاساى نێودەوڵەتى پێشێلکردووە. داواشیان کرد بە خێراى فرۆشتنى چەک بە تورکیا ڕابگیرێت.

 

ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر بە هێرش و داگیرکاریى تورکیا بۆ سەر عەفرین بەردەوامە. گیۆڵ بێرنارد پەرلەمانتار لە فراکسیۆنى پارتى بورجوا دیموکراتیکى سویسرا (PBD) پرۆژە یاسایەکى پێشکەشى ئەنجوومەنى فیدراڵى سویسرا کرد و داواى کرد، چەک و کەرەستەى سەربازى بە تورکیا نەفرۆشرێت.

ئەو پرۆژە یاسا پێشنیازکراوە لەلایەن ٢٢ پەرلەمانتار لە حزبە چەپ و راستەکانەوە واژۆ کراوە. لەو پرۆژەیەدا باسى ئەوەکراوە، دەوڵەتى تورکیا لە عەفرین هاووڵاتیان دەکوژێت و بە ئاشکراش یاساى نێودەوڵەتیى پێشێل دەکات.

"لە عەفرین هاووڵاتییان مەدەنى دەکوژرێن"

لە پرۆژە یاسا پێشنیازکراوەکەدا داواکراوە "چەک و کەرەستەى سەربازى بە تورکیا نەفرۆشرێت، چونکە تورکیا شەڕی سوریاى قورس و ئاڵۆزکردووە و لە عەفرین هاووڵاتییانى مەدەنى دەکوژێت، بۆیە نابێت لەو دۆخەدا چەک و کەرەستەى سەربازی بە تورکیا بفرۆشرێت. هەر جۆرە فرۆشتن و پێدانى چەک و کەرەستەى سەربازى بە تورکیا قبوڵ ناکرێت".

پەرلەمانتارەکان راشیانگەیاند، فرۆشتنى چەک و کەرەستەى سەربازی لەو دۆخەدا بە تورکیا لە دژى دەستوورى سویسراى فیدراڵە.

ناوى ئەو پەرلەمانتارانە کە پرۆژە یاساکەیان واژۆکردووە بریتین لە:

گیۆڵ بێرنارد و دوری کامپێل لە حزبی بورجوا دیموکراتیک

 بیات فلاچ و تۆماس وەیبەل لە حزبی سەوزی لیبراڵ

 کلودیا فریدل، چانتال گالادی، بیات جانس، جویس ئەندرێ مایر، نادنە ماسشاردت، ئەریک نوسباومەر، ئورسولا سچمدەر، پرسکا گراف سایلەر، کارۆل سۆمارونگ، مانویل تۆرناری، سیدریک ورموس لە حزبى سوسیال دیموکرات

باستین گرۆد و بالساسار گلاتلی لە حزبى سەوز

کریستا مارکوالدەر و فیلیپ نانترمۆند لە حزبى لیبرالی رادیکاڵ

ستیفان مولەر، کاسی ریکلن و باربارا سچمد فیدەرە لە حزبی کریستیان دیموکراتى سویسرا

ماریانی فیلەر لە حزبی تەبشیریى سویسرا

 

ر.م