چالاکی کوردانی ئەرمەنستان بۆ پشتگیری لە بەرخۆدانی عەفرین

کوردانی ئەرمەنستان بۆ پشتگیری کردنی بەرخۆدانی عەفرین وئیدانەکردنی داگیرکاری تورکیا بۆ سەر ئەو شارە لە چالاکیەکدا کۆبونەوە.

کۆبونەوەکە لە گوندی، دیرەکی ناوچەی ئەخبارنای ئەرمەنستان ئەنجامدراو دانیشتوانی ١١ گوندی دیکەی ناوچەکەش بەشداری کۆبونەوەکە بوون.

لەدەستپێکی کۆبونەوەکەدا، ئامادەبوان بۆ ڕێزلێنانی شەھیدانی مانگی مارس، شەھیدانی کیمیابارانی ھەڵەبجە، شەھیدانی کۆمەڵکوژی عەفرین و تەواوی شەھیدانی شۆڕشەکانی کوردستان ساتێک بەبێ دەنگی وەستان.

لە چالاکیەکەدا، ئاڵای ھەریەکە لە یەکینەکانی بەرخۆدانی ژن-یەپەژە، یەکینەکانی بەرخۆدانی گەل –یەپەگە، پارتی یەکێتی دیموکراتی – پەیەدە و وێنەی ھەریەکە لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان ووێنەی شەھیدان، ئارین مێرکان، ئاڤیستا خابور، بارین کۆبانی بەرزکرانەوە و لەلایەن ئامادە بوانی چالاکیەکەوە دروشمەکانی " بژی بەرخۆدانی عەفرین" ،"بژی سەرۆک ئاپۆ"،"شەھید نامرن" وترانەوە.

ئەندامی ئەنجومەنی ئاوەدانکردنەوەی شەنگال، سیلۆ دۆربۆیان، لە دەستپێکی کۆبونەوەکەدا  سڵاوی بۆ بەرخۆدانی عەرفرین ناردوو ووتی"ئێمە تا کۆتایی پشتگیری لە بەرخۆدانی ڕەوای گەلی عەفرین دەکەین، دەبێت خاکی عەفرین بۆ سوپای تورکیای داگیرکەر ببێتە گۆڕستان.دەبێت سوپای تورکیا و ئەردۆغان، لەوە بگەن کە عەفرین خاکی کوردانە و کوردانیش دەستبەرداری خاکی خۆیان نابن.دەبیت ئەردۆغان بزانێت ھەزارەھا ساڵە گەلی عەفرین بە نەتەوە جیاوازەکانیەوە لەسەر ئەو خاکە دەژین وداگیر کردنی ئەو خاکە لە نزیکترین کاتدا لەلایەن خاوەنە ڕەسەنەکانیەوە لە دەستی دوژمن دەردەھێنرێت".

ئەندامی کۆمیتەی زمانی کوردی ومامۆستای زمانی کوردی، یورک داڤویان، لەوتەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد ئەردۆگان لە عەفرین ناتوانێت بمێنێتەوەو لە عەفرینەوە دوچاری شکستی گەورە دێت. ھەروەھا ئەو مامۆستایە ڕووی ڕەخنەی دەکاتە دەوڵەتی ڕوسیا وئیدانەی یارمەتیەکانی ئەو دەوڵەتە دەکات بۆ سوپای تورکیای داگیرکەر.

لە ووتەیەکیدا ئەندامی ئەنجومەنی ژنان، ھیرەک کانگۆڤایان، ئاشکرایکرد" گەرچی ئێمە لە ئەرمەنستان دەژین، بەڵام دڵمان لەگەڵ بەرخۆدانی عەفرینە. ئێمە بە توندی ھێرشی سوپای تورکیاو چەتەکانی ھاوپەیمانی بۆسەر خاکی عەفرین ئیدانە دەکەین".

کۆبونەوەکە بە وتنەوەی دروشمەکانی" ئازادی بۆ سەرۆک ئاپوً- بژی کوردو کوردستان " کۆتایی ھات.

ک-ا

ک-ش