چوار حزبى ئەڵمانیا داوایان لە مێرکل کرد بەرامبەرعەفرین بێدەنگ نەبێت

پارتە دەسەڵاتدارەکانی ( سی دی یو)، ( سی ئێس یو) و (ئێس پی دی) و پارتە ئۆپۆزیسیونەکانی حزبی چەپ و حزبی کەسک-ی ئەڵمانیا داوایان لە حکومەتەکەی مێرکێل کرد کە لەهەمبەر دۆخی عەفرین هەڵوێستێکی کارا بنوێنێت.

پارتە دەسەڵاتدارەکەی مێرکێل (سی دی یو) و بەگشتی ٤ حزبی بەشدار لە ئەنجوومەنی فیدراڵی ئەڵمانیا ڕەخنەی توندیان ئاراستەی حکومەتی ئەڵمانیا کرد، کە لە هەمبەر هێرش و تاڵان و دزی و داگیرکاری لە عەفرین بێدەنگە.

ڤۆلکێر کاودەر، سەرۆکی کۆمەڵەی ئەنجوومەنی حزبی یەکێتی کریستیان (سی دی یو/سی ئیس یو) ئاماژەی بە تاڵان وکردەوەکانی دەوڵەتی تورکیا کرد لە سەر عەفرین و وتی: دەوڵەتی تورکیا ئیزنی بە گروپە ئیسلامییەکاندا کە شاری عەفرین تاڵان بکەن. زانیاریمان پێگەیشتووە کە شار بە شێوازیکی تۆقێنەر تاڵان کراوە.

کاودەر دەستنیشانی کرد، دەوڵەتی ئەڵمانیا دەبێت لە دژی ئەو دۆخە کە ئیستا لە عەفرین دروست بووە هەڵوێستی هەبێت و وتی: لە خۆڕا ناوترێ پێشێلکاری مافی مرۆڤ ئەنجام دەدری.

هاوکاریکی دیکەی حکومەتی فیدڕاڵ لە پارتی سوسیال دیموکرات (ئیس پی دی) بە هەمان شیوە داوای هەڵوێستی کرد لە حکومەتی ئەڵمانیا.

ئاندرێ ناهلەس، سەرۆکی ئێس پی دی، دەستنیشانیکرد، کە دەوڵەتی تورکیا لە عەفرین مافی نەتەوەکانی پێشێلکردووە و وتی: "ناکرێت بە هیچ شێوازێک ئەو پێشێلکارییانە لە خۆڕاوە کرابێت".

ئەو سیاسەتمەدارەی ئەڵمانیا داوای لە حکومەتی ئەڵمانیا کرد ڕێوشوێنى پیویست بەرامبەر بەو دۆخە بگرێتە بەر.

پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی حزبی کەسک و حزبی چەپ داوایان لە حکومەت کرد، بۆ عەفرین هەنگاوی کرداری هەڵبگرێت و بە کردەوە  کاری بۆ بکات.

سەهرا وانگەنێخت سەرۆکی حزبی چەپی ئەڵمانیا بە توندی ڕخنەی لە بەیاننامەکەی حکومەتی ئەڵمانیای لەسەر عەفرین گرت و وتی: وەک هەر جار حکومەتی فیدڕال تاڵانکردنی عەفرینی شەرمەزار نەکرد. شەرمەزار نەکردنی هێرشەکانی سوپای تورکیا لەلەیەن حکومەتەوە نیشاندەری ئەوەیە، کە هەمو بەڵینەکانی حکومەت لەسەر تێکۆشان بۆ ڕێگریکردن لە ئاوارەبوون وکۆچبەربوونى خەڵک، درۆیە .

نوێنەری حزبی چەپ لە درێژەی قسەکانیدا دەستنیشانی کرد، کە دەوڵەتی ئەڵمانیا با بە کردەوە نیشانی بدات کە لە لایەنگری دیکتاتۆری ئیسلامی نین و وتی: ئیستاکە ئەڵمانیا هاوپەیمانی وڵاتێکە، کە هاوشان لە گەڵ ئیسلامییە توندڕەوەکاندا شەڕ دەکات.

کاترین- گورینگ-ئیخارت سەرۆکى فراکسیۆنى سەوز، ئاماژەی بە دیمەنەکانی تاڵان و دزی و فرۆشتنی چەک بە تورکیا کرد و وتی: دەبێت حکومەتی ئەڵمانیا لەسەر عەفرین بەیاننامەیەکی ڕون بدات. دەبیت بە ئەردۆغان بڵێت، کە  وەک ئەندامێکی ناتۆ مافی نییە کە هێرشی عەفرین بکات.

ک.ش

ر.م