چوار فڕۆکەی نەفەرهەڵگری پڕ لە چەتەکانی سەر بە تورکیا گەیشتنە لیبیا

چوار فڕۆکەی نەفەرهەڵگری پڕ لە چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی داگیرکەری تورک گەیەندرانە فڕۆکەخانەی مەعەیتیقەی لیبیا.

بەپێی هەواڵێکی ڕادیۆ فەرەنسا ڕۆژانی یەکشەممە و هەینی ڕابردوو، دەوڵەتی داگیرکەری تورک چوار فڕۆکەی نەفەرهەڵگری پڕ لە چەتەی ناردووەتە فڕۆکەخانەی مەعەیتیقە لە لیبیا.

بە گوێرەی هەواڵەکە، زانیاری لەسەر چوونی چەتەکانی سەربە تورکیا بۆ لیبیا تادێت زیاد دەبێت، بە تایبەت دوای ئەوەی هەندێک ڤیدیۆ بڵاوبوەوە کە هەبوونی ئەو چەتانە لە تەرابلوس پشتڕاست دەکاتەوە.

بەپێی هەمان سەرچاوە، ئەو چەتانە لە ڕێگەی هێڵی ئاسمانی "ئەفریقا ئەیرلاین" کە هی لیبیایە و هێڵی ئاسمانی "ئەجنحە" کە هی کەسێکە بەناوی عەبدولحەکیم بلجاج و لە تورکیایە، بە ئامانجی پشتیوانی لە گروپە چەکدارەکانی لایەنگری دەوڵەتی هاوپەیمانی لیبیا، لە تورکیاوە براونەتە لیبیا.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ماهر عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ڕادیۆ فەرەنسا پشتڕاستی کردووەتەوە کە ٥٠٠ چەتە (چەکداری سوری)، گەیەندراونەتە لیبیا و ژمارەیەکی دیکەش لە تورکیا چاوەڕێ دەکەن کە بگەیندرێنە تەرابلوس.

بڕیار وایە ئەمڕۆ، پەرلەمانی تورکیا، پێشنیاری ئەردۆغان سەرۆکی دەوڵەتی تورک بۆ جێگرکردنی هێزە سەربازییەکانی لە لیبیا تاوتوێ بکات.

ز.ش