ڕوحانی سەردانی ژاپۆنی کرد

دوای ١٨ ساڵ وەک یەکەم سەرۆک کۆماری ئێران حەسەن ڕۆحانی بۆ دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ کاربەدەستانی ژاپۆن گەیشتە تۆکیۆی پایتەخت و لەلایەن سەرۆک وەزیرانی ژاپۆنەوە پێشوازیی لێکرا.

بەپێی ڕاگەیاندنەکانی ژاپۆن، ئابێ و ڕۆحانی کۆدەبنەوە و لەسەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی گفتوگۆ دەکەن.

بەپێی ڕاگەیاندنەکانی ئێران، کردنەوەی گرێیەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، جێبەجێی کردنی بەڵێنەکانی ئەو ڕێککەوتنە، ئاسایشی کەشتیوانی لە ناوچەی کەنداو، ناردنی سەربازانی ژاپۆن بۆ ناوچەکە و بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی دوو وڵات لە گرنگترین ئامانجەکانی ئەو سەردانەیە.

ئەمە لە کاتێکدایە، کە پێشتر کاربەدەستانی ئێران داواکارییەکیان پێشکەشی ژاپۆن کردبوو، بۆ ئەوەی سەردانی ڕۆحانی بۆ ژاپۆن قبوڵ بکات، دوای ئەوەش ڕاگەیاندنە جیهانییەکان باسیان لەوەکرد کە ئەمریکا ڕەزامەندیی لەسەر ئەو سەردانە دەربڕیوە.

جێگای ئاماژەیە کە ئەمساڵ بۆ یەکەمجار سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن لە چوارچێوەی کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە بە تایبەت بۆ نێوەندگیری لە نێوان ئێران و ئەمریکا، سەردانی ئێرانی کرد، بەڵام ئەو نامەیەی شینزۆ ئابی لەلەیان دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکاوە بۆ عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران هێنابووی، لەلایەن خامنەییەوە ڕەتکرایەوە و وەرنەگیرا.

ف.ق