ڕۆحانی: ئه‌مه‌ریكا به‌گوێره‌ی په‌یمانه‌كه‌ مامه‌ڵه‌ی نه‌كرد

سه‌رۆك كۆماری ئێران حه‌سه‌ن ڕوحانی به‌توندی ڕه‌خنه‌ی له‌ كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی گرت و ده‌ستنیشانی كرد كه‌ ئه‌و لایه‌نه‌ی به‌گوێره‌ی په‌یمانه‌كه‌ مامه‌ڵه‌ی نه‌كردووه‌، واشنتۆن بووه‌.

دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ دۆناڵد تره‌مپ كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكای له‌ ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ ئێران ڕاگه‌یاند، سه‌رۆك كۆماری ئێران حه‌سه‌ن ڕوحانی له‌سه‌ر ته‌له‌فزیۆن قسه‌ی كرد و ڕایگه‌یاند، ئێران به‌گوێره‌ی په‌یمانه‌كه‌ مامه‌ڵه‌ی كردووه‌.

ڕۆحانی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌وان له‌ دژی ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ساڵی ٢٠١٥ مامه‌ڵه‌یان نه‌كردووه‌، به‌ڵكو حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا ئه‌و لایه‌نه‌یه‌ كه‌ به‌گوێره‌ی شه‌رت و مه‌رجی په‌یمانه‌كه‌ مامه‌ڵه‌ی نه‌كردووه‌.

ڕۆحانی ڕاشیگه‌یاند، حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا هه‌میشه‌ له‌ دژی نه‌ته‌وه‌ی ئێران بووه‌، ئه‌م دوژمنایه‌تییه‌ له‌ دژی گه‌لانی ئه‌فغانستان، عێراق، یه‌مه‌ن، ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و باكووری ئه‌فریقیایه‌.

حه‌سه‌ن ڕۆحانیی سه‌رۆك كۆماری ئێران ڕایگه‌یاند: هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ریكا به‌گوێره‌ی ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی‌ مامه‌ڵه‌ی نه‌كردووه‌، به‌ڵام ئێران به‌گوێره‌ی شه‌رت و مه‌رجی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ مامه‌ڵه‌ی كردووه‌.

s.m