ڕۆژنامەی لاکروای فەرەنسی: باری نائاسایی لە تورکیا کۆتایی نەهاتووە

ڕۆژنامەی لاکروا (La Croix) فەرەنسی لاکروا بڵاویکردەوە، هەڵگرتنی باری نائاسایی لە تورکیا 'دیمەنێکی هەڵخەڵەتێنەرە' و سەرنجی ڕاکێشایە سەر پرۆژەی یاسای 'بەرەنگاربوونەوە دژ بە تیرۆر' کە پێشکەش بە پەرلەمانی تورکیا کراوە.

 ڕۆژنامەی فەرەنسی لاکروا بڵاویکردووەتەوە، باری نائاسایی لە تورکیا، بۆ جاری هەشتەمین درێژ نەکرایەوە.

ڕۆژنامەوانی فەرەنسی ئەودرێ پارمەنتیغ، لە وتارێکیدا کە بۆ ڕۆژنامەی لاکروای فەرەنسای نوسیوە، دەڵێت "ئەو رژێمە (رژێمى ئەردۆغان و بارى نائاسایى) بە پرۆژە یاسای 'دژە تیرۆر' بەردەوام دەبێت کە لە چەند ڕۆژی پێشوودا ئاڕاستەی پەرلەمانی تورکیا کرابوو".

ئەو ڕۆژنامەوانە فەڕەنسییە، جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە ۲۴ی حوزەیران/ ۳ ی پووشپەڕدا، کە سەرۆک کۆماری تورکیا ئەردۆغان، لە خولی یەکەمی هەڵبژاردندا هەڵبژێردرا، هەوڵ دەدات دەسەلاتدارێتیی خۆی بەسەر ئەو وڵاتە بەردەوامیی پێ بدات.

پسپۆڕێکی سیاسیی فەرەنسی بەناوی ئەتینە کۆپێ کە لێکۆڵەری کاروبارى تورکیایە بە هەمان ڕۆژنامەی فەرەنسیی راگەیاندووە، فشار و ڕەشبگیرییەکانی کاتی باری نائاسایی تورکیا بەردەوامیان هەیە و دەربارەی بڕیارنامەکانی ئەو پرۆژە یاسا نوێیەش، ڕوونیکردەوە "ئەو بڕیارنامەیە وەک یاسایە کە دەتوانرێت چەندین شت لە ژێر ناوی ئەو یاسایەدا ئەنجام بدرێت".

ڕۆژنامە فەرەنسیەکە، دەستنیشانیشی کردووە کە قوربانییەکانی دەست ئەو پرۆژە یاسا نوێیەش، ئەو کەسانەن کە لەناو سووپادا پاکتاوکران، ڕۆژنامەوانان و نووسەران و پارێزەرانیش دەکرێنە قوربانی دەستی ئەو بڕیارنامەیە.

ئەو ڕۆژنامەیە سەرنجی ڕاکێشاوەتە سەر کەمپەینی دەستگیرکردن لە تورکیا و تێیدا هاتووە "دژبەرانی سیاسیی بە گشتیی و کوردان بە تایبەتیی بوون بە قوربانیی بڕیارەکانى کاتی باری نائاسایی. ئەوەیشی کە زۆرتر ناسراوە، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاشە کە لە مانگی تشرینى دووەمی ۲۰۱۶ ەوە لە زینداندایە".

دەربارەی دەستگرتن بەسەر شارەوانییەکانی کورداندا، لە شیکردنەوەکانی ئەو لێکۆڵەرە فەرەنسیەی پسپۆڕی پرسەکانی تورکیادا هاتووە "بەهۆی هەڵگرتنی باری نائاسایی لە تورکیادا، ئەو کەسایەتییە سیاسییانەی کە دەستگیر کراون، ئازاد ناکرێن".

پسپۆڕی شیکاریی سیاسی کۆپێ، وتووشیەتی "بە بڕیارنامەی نوێ کە وەک پرۆژە یاسایەک پێشکەش بە پەرلەمانیان کردووە، بەردەوامیی بە باری نائاسایی لە تورکیا دەدەن. بەوەش ڕژێمێک، کە لە بنەڕەتدا دەبێت کاتى بێت، دەیەوێت خۆی لەسەر کورسی دەسەڵات بهێڵێتەوە".

ڕۆژنامە فەرەنسییەکە، جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە هەتا ماوەی سێ ساڵی تر، هەموو کارمەندان دەتوانن بە بیانووی 'پەیوەندییان بە ڕێکخستنە تیرۆرریستیەکان'ەوە، لە کارەکانیان دەربکرێن و تێیدا هاتووە "ئەردۆغان بە هەڵگرتنی باری نائاسایی، هیچ مەترسییەک لانابات و مەترسییەکان دەمێننەوە. لە ڕژێمی کۆماریدا دەسەڵاتەکانی ئەردۆغان زیاتر بوون".

ر.م