ڕێکخراوی یونسێف: له‌ عەفرین منداڵان دەکوژرێن

ڕێکخراوی یونسێفی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند: لە ئەنجامی ھێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر ناوەندی شاری عەفرین و دەوروبەری، دەیان منداڵ کوژراون و داواشی کرد دەستبه‌جێ ھێرشەکانی سەر عەفرین بوەستێنرێن.

ڕێکخراوی هاریكاریی منداڵان-ی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان - یونسیف، لە ڕاگەیەنراوێکدا سه‌رنجی خستۆته‌ سه‌ر ھێرشە کۆمەڵکوژییەکانی عەفرین و ناوچه‌ی غووته‌ی ڕۆژھەڵات له‌ سووریا.

ژمارەیەکی زۆر ی منداڵ شەھید و بریندار بوون

لە ڕاگەیەنراوەکەدا، یونسێف بارودۆخی مرۆیی ھەریەکە لە غووته‌ی ڕۆژھەڵات و کانتۆنی عەفرین دەخاتەڕوو و ڕایدەگەیەنێت: لە ئەنجامی ھێرشەکانی سەر غووته‌ی ڕۆژھەڵات و ھێرشەکانی سوپای تورکیای داگیرکەر و چەتەکانی ھاوپەیمانی بۆ سەر کانتۆنی عەفرین، ژمارەیەکی زۆری منداڵ شەھید و بریندار بوون.

مەترسی بڵاووبونەوەی نەخۆشی ھەیە

یونسێف ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ کردووە، لە ئەنجامی ھێرشەکانی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا، سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوەی ناوچه‌كه‌ بڕدراون و بەو ھۆیەشەوە ھاوڵاتیان ڕووبەڕووی گرفتێکی گەورەی کەمئاوی بوونەتەوە. ده‌ستنیشان كراوه‌: لە عەفرین، کەمئاوی بۆتە گرفتێکی گەورە و به‌وهۆیه‌وه‌ ٢٥٠ ھاوڵاتی دوچاری گرفتی جۆراوجۆری تەندروستی بوون.

یونسێف ڕایگه‌یاندووه‌، بەپێی وتەی سەرچاوەكان لە عەفرین، بەھۆی ھێرشەکانی سوپای تورکیاوە تەواوی ئەو ناوەندە تەندروستیانەش خاپوور کراون کە لەنێو بینای قوتابخانه‌کاندا بوون و ھاوڵاتیانی سیڤیلیش ناچاربوون ئاواره‌ی ناوەندی شاری عەفرین بن.

یونسێف باسی له‌ دۆخی دانیشتوانی نێو شاری عه‌فرین كردووه‌ و ڕایگه‌یاندووه‌: نزیکەی ٥٠ ھەزار ھاوڵاتی به‌هۆی هێرشه‌كانه‌وه‌، ئاوارەی ناوه‌ندی شاری عەفرین بوون و لەگەڵ كه‌سوكاریان لە دوکان و قوتابخانەکاندا نیشتەجێ بوون.

دانیشتوانی عەفرین پێویستیان بە هاریكاری بەپەلەیە

له‌ درێژه‌ی ڕاگەیه‌ندراوه‌كه‌دا باس لەو ھاوڵاتیانە كراوه‌ کە لە عەفرینەوە ئاوارەی شاری حەلەب بوون و تیایدا هاتووه‌: ئەو ھاوڵاتیانە لە دۆخێکی خراپدان و بە پێداویستییه‌کی کەم ژیان بەڕێدەکەن، دەبێت بەپەلە هاریكاری بگەیەنرێتە ئەو ھاوڵاتیانە.

ھێرشەکان بەربەستن لە بەردەم گەیاندنی هاریكارییه‌كان

یونسێف ده‌ستنیشانی كردووه‌، ڕێکخراوەکەیان لە ١٢ی مارس\٢١ی ڕه‌شه‌ممه‌، ئاوی خواردنەوەی بۆ ھاوڵاتیانی عەفرین بردووە. به‌ڵام به‌هۆی هێرشی سوپای توركیا، به‌ربه‌ست بۆ گەیاندنی ئەو هاریكارییه‌ دروست بووه‌.

یونسێف داوای وه‌ستاندنی ھێرشەکانی سەر عەفرین دەکات

لە کۆتایی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كدا، ڕێکخراوی یونسێف داوای کردووه‌ به‌مه‌به‌ستی گەیاندنی ھاوکارییەکان بە خەڵکی سیڤیلی عەفرین، دەستبەجێ ھێرشەکانی سەر ئەو شارە ڕابگیرێت.

 

s.m