ژماره‌ی قوربانییانی بومه‌له‌رزه‌كه‌ی ئه‌ندۆنیزیا گه‌یشته‌ ٣١٩

له‌ دورگه‌ی لامبۆكی ئه‌ندۆنیزیا ڕۆژی دووشه‌ممه‌ی ڕابردوو بومه‌له‌رزه‌یه‌ك ڕوویدا. ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌هۆی كاره‌ساته‌كه‌ ژیانیان له‌ده‌ستداوه‌ به‌رزبوویه‌وه‌ بۆ ٣١٩ كه‌س.

بومه‌له‌رزه‌كه‌ی ئه‌ندۆنیزیا به‌ گوڕی ٦.٩ به‌ پێوه‌ری ڕێخته‌ر له‌ دورگه‌ی لامبۆك ڕوویدا كه‌ ده‌كه‌وێته‌ باشووری وه‌ڵاته‌كه‌.

به‌ گوێره‌ی نوێترین ئاماری وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستیی ئه‌و وه‌ڵاته‌، ٣١٩ كه‌س ژیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و ١٥٦ هه‌زار كه‌سیش بێ وار و ماڵ بوون. له‌ ئاماری پێشوودا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كرابوو كه‌ ١٦٤ كه‌س ژیانیان له‌ده‌ستداوه‌، به‌ڵام ڕۆژ به‌ ڕۆژ ئاماری قوربانییان به‌رزده‌بێته‌وه‌ و پێشبینی ده‌كرێت ئه‌م ئاماره‌ نوێیه‌ش تێپه‌ڕێنێت.

به‌هۆی بومه‌له‌رزه‌كه‌ زیان به‌ ده‌یان هه‌زار ماڵ گه‌یشتووه‌ و هه‌ڵوه‌شاون. له‌ دوای بومه‌له‌رزه‌ به‌هێزه‌كه‌ش، هاوڵاتییان به‌هۆی ترسی دووباره‌بوونه‌وه‌ی بومه‌له‌رزه‌ سه‌ره‌ڕای به‌رزی پله‌ی گه‌رما ڕوویان له‌ كه‌نار ڕێگه‌كان كردووه‌ و له‌ژێر چادره‌كان یان له‌نێو زه‌وییه‌كانی چاندنی برنج جێگیر بوون.

s.m