کاردانەوه‌كا‌نی ڕووسیا به‌رانبه‌ر دەرکردنی دیبلۆماتکارەکانی دەستی پێکرد

لە به‌رانبه‌ر دەرکردنی زیاتر لە ١٥٠ دیبلۆماتکاری ڕووسیا لە وەڵاتانی ئەمه‌ریکا، کەنەدا و بەشێک لەوەڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا، حكوومه‌تی ڕووسیا دەستی بە كاردانه‌وه‌ی هاوشێوه‌ كرد.

ئەمڕۆ ٣٠ مارس/١٠خاکەلێوە، وەزارەتی دەره‌وەی ڕووسیا، نوێنه‌ری ھەریەکە لە وەڵاتانی بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا، ئیتالیا، لاتیڤیا، لیتوانیا، پۆڵەندا، چیک، سلۆڤاکیا و ھەندێک دەوڵەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا- ی بانگھێشت کرد.

ڕووسیا: نامەنەوێت «قەیرانی دیبلۆماسی» دروست بێت

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە زاری دیمیتری بیسکۆڤ سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی کۆماری ڕووسیا (کرملن)، ڕایگەیاندبوو كه‌ نایانه‌وێت بەشدار بن له‌ دروستکردنی قەیرانێکی دیبلۆماتی لەگەڵ وەڵاتاندا، بەڵام ئەمڕۆ پاش کۆبوونەوەکەی نوێنەری باڵیۆزخانه‌كانی وەڵاتان له‌گه‌ڵ وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، ٢ دیبلۆماتکاری ھۆڵەندی لە ڕووسیا دەرکران.

باڵیۆزی ھۆڵەندا لە ڕووسیا، رینیە جۆنس بە ئاژانسی تاس-ی ڕاگەیاند: بڕیارەکە تەنھا دوو دیبلۆماتکارمان دەگرێتەوە و تەواوی ئەندامانی نوێنەرایەتیمان لە ڕووسیا به‌رده‌وامن له‌ كاره‌كانیان.

مۆسکۆ بڕیاریداوە، لە چوارچێوەی کاردانەوەکانی دەرکردنی دیبلۆماتکارەکانیدا، ٦٠ دیبلۆماتکاری ئەمه‌ریکا دەربکات. لەم چوارچێوەیەشدا سکرتێرە ڕۆژنامەوانییەکەی کرملن ڕایگەیاند: ئەوە ڕووسیا نییە جەنگی دیبلۆماتی دەستپێكردووه‌، بەڵکو ڕووسیا لەو چوارچێوەیەدا کاردانەوە دەنوێنێت.

ئەنجومەنی ئاسایش بە سەرۆکایەتی فلادیمێر پوتین کۆدەبێتەوە

بەپێی ھەواڵێکی ڕووسیا تودەی، فلادیمێر پوتین-ی سەرۆکی ڕووسیا دەستی بە وتووێژێکی دیبلۆماتی کردووە لەگەڵ ئەندامانی ھەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش دەربارەی کاردانەوەکانی ڕووسیا لە به‌رانبه‌ر دەرکردنی دیبلۆماتکارەکانی لە ھەندێک وه‌ڵاتدا. بڕیارە لە نزیکترین کاتدا، کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایش بە سەرۆکایەتی ڕووسیا به‌ڕێوه‌بچێت.

دەربارەی ئەم ھەوڵە دیمیتری بیسکۆڤ، سکرتێری ڕۆژنامەوانی کرملن ئاشکرای کرد: لە بارەی تۆمەتبارکردنی حکوومەتی ڕووسیا بە دۆسیەی ژەھرخواردکردنی سیخووڕە بەریتانییه‌کە، سەرۆک پوتین دەستی بە ھەوڵێکی فرەوان کردووە لەگەڵ ئەندامانی ھەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشدا، بۆ ئەوەی تێڕوانینەکانی ڕووسیا سەبارەت بەو کێشە دیبلۆماتییه‌ بە وەڵاتان بگەیەنێت.

ئەمڕۆش وەزارەتی دەره‌وەی ڕووسیا ڕایگەیاند، بەشێوەیەکی فەرمی بە وەزارەتی دەره‌وەی بەریتانیایان ڕاگه‌یاندووه‌ کە ژمارەی ئەندامانی باڵیۆزخانه‌كه‌یان لە وەڵاتی ڕووسیا، بگەیەننە ئاستی ژمارەی ئەندامانی باڵیۆزخانه‌ی ڕووسیا لە بەریتانیا.

دوێنێ ٢٩مارس/٩خاکەلێوە، وەزارەتی دەره‌وەی ڕووسیا بڕیاریدا كونسوڵخانه‌ی ئەمه‌ریکا لە سانتپترسبۆرگ دابخات و مۆڵەتی ھەفتەیەکی داناوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە.

s.m