کاردانەوەیەک لە نەمسا: ئەوانەى دەنگیان بە ئەردۆغان داوە تورکیا باشترە بۆیان

جۆهان گودینوس سەرکردە لە حیزبى ئازادیخوازى نەمسا (FPO)، کە حیزبێکى راستڕەوی توندڕەوە، لە کاردانەوەیەکەدا بەرامبەر ئەو کەسانەى دەنگیان بە ئەردۆغان داوە رایگەیاند، ئەوانەى دەنگیان بە ئەردۆغان داوە، تورکیا باشترە بۆیان.

ئەردۆغان لە وڵاتى نەمسا رێژەى ٧٢.٣%ی ئەو دەنگی دەنگدەرانى تورکیاى لەو وڵاتەدا بەدەستهێناوە. ئەوەش لە ئاستى وڵاتانى ئەوروپادا زۆرترین رێژەى دەنگە کە بەردۆغان دراوە و بەوەش نەمسا بووەتە یەکەم وڵات لە ئاستى ئەوروپادا.

ئەو دەنگدانە بە ئەردۆغان لە نەمسا کاردانەوەى لێکەوتەوە. جۆهان گودینوس سەرکردە لە حیزبى ئازادیخوازى نەمسا (FPO) لەوبارەیەوە وتى "بە بڕواى من ئەو کەسانەى لە نەمسا بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیی کۆمارى تورکیا دەنگیان بە رەجەب تەیب ئەردۆغان داوە، تورکیا لە نەمسا، شوێنکى زۆر باشترە بۆیان".

گودینوس وتیشى "ئەنجامى ئەو هەڵبژاردنە نیشانى دەدات، کە بیرکردنەوەى ئەو تورکیاییانەى لە وڵاتەکەى ئێمەدا دەژین، بەشێوەیەکى زۆر ترسناک لەگەڵ ئەو  دەسەڵاتەدان، کە لە دژى دیموکراسییە. هەروەها نیشانەی ئەوەشە، کە پرۆسەى ئاوێتەکردنى ئەو کەسانە لەگەڵ بەها و نەریت و کۆمەڵگەى ئێمەدا شکستى هێناوە".

لە وڵاتى ئەڵمانیاش ئەردۆغان بوو بە یەکەم و ئەوەش لەو وڵاتەدا کاردانەوەى لێکەوتەوە و ئەو دەنگدەرانەى دەنگیان بە ئەردۆغان داوە، بە کەسانى نیونازی (نازییەکانى شوێنکەوتەى هیلتەر) پێناسەکردبوو.

ر.م