کام شوێنانەى سوریا کراونەتە ئامانجى هێرشە مووشەکییەکە؟

ناوی ئەو شوێنانە ئاشکرا دەبن، کە ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا لە سوریا هێرشیان کردووەتە سەر.

ناوی ئەو شوێنانە ئاشکرا دەبن، کە ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا لە سوریا هێرشیان کردووەتە سەر.

رۆیتەرز ناوى ئەو شوێنانەى بڵاوکردەوە، کە ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا لە هێرشە مووشەکەییەکەیاندا کردوویاننەتە ئامانج.

ئاژانسی هەواڵى رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ناوەندی لێکۆڵینەوە و عەمبار و بارەگا سەربازییەکانى سوریا لە حومس هێرشیان کراوەتە سەر.

هەروەها بارەگاى سەربازیى ناوچەى دیماس لە نزیک سنوورى لوبنان، کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتى شارى دیمەشقى پایتەختى سوریا، لەگەڵ دامەزراوەیەک لە باکوورى دیمەشق، لقی ناوەندى توێژینەوەى زانستى، کە بەپێى سەرچاوە رۆژئاواییەکان ساڵى رابردوو چەکى کیمیایى تێدا دروستکراوە، بوونە ئامانجی هێرشەکان.

هاوکات، عەمبارە سەربازییەکانى ناوچەى قەلەمون لە باکوورى رۆژهەڵاتى دیمەشق، ناوچەى کسوە لە باشوروى دیمەشق، کە بەپێى سەرچاوە رۆژئاواییەکان ئێران کار بۆ ئەوە دەکات بنکەیەکەیى هەمیشەیى سەربازى لەو ناوچەیەدا دروست بکات.

لەلایەکى ترەوە ئەو بنکە و شوێنانە، کە ساڵى رابردوو لەلایەن ئیسرائیلەوە هێرشیان کرابووە سەر، دیسانەوە کراونەتەوە ئامانجى ئەم هێرشە مووشەکییانە.

بەشێکى ترى لە سەرچاوەکانى هەواڵ بڵاویانکردووەتەوە، کۆشکى سەرۆکایەتى کۆمار لە دیمەشق، ئەو شوێنانەى کە گومان دەکرا چەکى کیمیایان تێدا دروست بکرێت، لەگەڵ چەند عەمبار و ناوەندى توێژینەوەى زانستى و هەواڵگرى بوونەتە ئامانجى ئەو هێرشانە.

زۆرینەى هێرشەکە بۆسەر ناوچەکانى دەرووبەرى دیمەشقى پایتەختى سوریا بوون، بەڵام چەند شوێنێکیش لە حەما وحومس و حەلەب بە موشەک لێیاندراوە. بەگشتى زیاتر لە ٥٠ شوێن وعەمبار و بنکەى سەربازى و ناوەندى توێژینەوەى زانستى و هەواڵگرى کراونەتە ئامانجى هێرشەکان.