مونستا
کوردستانیان لە شارى مونستاى ئەڵمانیا بۆ پشتیوانیکردن لە عەفرین تاوەکو بەردەم بارەگاى ناتۆ خۆپیشاندانیان ئەنجامدا. گەلی کورد و دۆستەکانیان هێرشەکانى سوپاى داگیرکەرى تورکیایان بۆ سەر عەفرین شەرمەزارکرد.
برێمن
گەنجانى کورد لە شارى برێمنى ئەڵمانیا چالاکییان بۆ پشتیوانیکردن لە عەفرین ئەنجامدا. بەشداربووانى ئەو چالاکییە چوونە بەردەم بیناى تەلەفزیۆنى برێمن و لەوێ چەندین چالاکییان ئەنجامدا. کۆمەڵکوژیى دەوڵەتى تورکیایان لە عەفرین شەرمەزارکرد. داواشیان کرد میدیاى ئەڵمانیا زیاتر گرنگى بە کۆمەڵکوژیى دەوڵەتى تورک لە عەفرین و داگیرکارییەکانى ئەو دەوڵەتە بدات.
بێرن
سەدان کوردستانی لە شارى بێرنى پایتەختى سویسرا لە بەردەم باڵیۆزخانەى ڕووسیا کۆبوونەوە. لەوێشەوە بە خۆپیشاندان بەرەو باڵیۆزخانەى تورکیا ڕۆیشتن. هێرش و کۆمەڵکوژیى تورکیان لە عەفرین شەرمەزارکرد.
مارسیلیا
لە شارە جیاجیاکانى فەڕەنساوە، هەزاران کورد ڕوویان کردە شارى مارسیلیاى فەڕەنسا و لە گۆڕەپانی کانەبییەر کۆبوونەوە و هێرشى تورکیایان بۆ سەر عەفرین شەرمەزارکرد. هەروەها خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و هەزاران ڕاگەیاندراویان بڵاوکردەوە.
رێن
لە شارى ڕێنی فەڕەنسا کوردستانیان و دۆستەکانیان لە گۆڕەپانى کۆمارى کۆبوونەوە. هێرش و کۆمەڵکوژیى تورکیایان بۆ سەر عەفرین ئیدانەکرد و چەندین چالاکییان بۆ پشتیوانیکردن لە عەفرین ئەنجامدا.
بارسەلۆنا
کوردستانیان و دۆستە کەتەلۆنییەکانیان لە بەردەم بیناى نەتەوە یەکگرتووەکان لە شارى بارسەلۆنا کۆبوونەوە و هێرشەکانى تورکیاى داگیرکەریان بۆ سەر عەفرین شەرمەزارکرد.
پۆلیسى ئیسپانیا هێرشى کردە سەر چالاکوانەکان و بەهۆى توندوتیژییەکانى پۆلیسەوە چالاکوانێک برینداربوو. هەروەها هێزەکانى پۆلیس ٤ چالاکوانیان دەستگیرکرد، کە لە دواى ماوەیەک لە ڕاگرتنیان ئازادیان کردن.
دینهاگ
لە شارى دینهاگى هۆڵندا مانگرتن لە خواردن بۆ شەرمەزارکردنى هێرشى تورکیا بۆ سەر عەفرین، ماوەى ٣ ڕۆژە دەستیپێکردووە. ئەمڕۆ پیتە هۆیکسترا باڵێۆزى ئەمریکا لە هۆڵندا و جۆڵ ڤۆردوێند پەرلەمانتارى هۆڵندى سەردانى مانگرتوانیانکرد.
کۆپنهاگ
کوردستانیانى دانیشتوى دانیمارک لە دژى هێرش و کۆمەڵکوژیى دەوڵەتى تورکیا لە عەفرین، خۆپیشاندانێکیان لە بەردەم باڵیۆزخانەى تورکیا لە شارى کۆپنهاگى پایتەخى دانیمارک ئەنجامدا. لە خۆپیشاندانەکەدا دروشمەکانى "بژی یەپەگە و یەپەژە" و "تیرۆریست ئەردۆغان" بەرزکرابوونەوە.
ڤییەنا
لە ڤییەنای پایتەختى نەمسا خۆپیشاندانێک لە بەردەم بارەگاى نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ پشتیوانیکردن لە عەفرین بەڕێوەچوو. لەو خۆپیشاندان و چالاکییەدا بێدەنگیى نەتەوە یەکگرتووەکان بەرامبەر هێرشى داگیرکارانەى تورکیا بۆ سەر عەفرین ئیدانەکرا و ڕاگەیاندراو بڵاوکرایەوە.
لەندەن
کوردستانیان لە شارى لەندەنى پایتەختى بەریتانیا هێرشى داگیرکارانەى تورکیایان بۆ سەر عەفرین شەرمەزارکرد. چالاکوانان بۆ ماوەى ٤ کاتژمێر پردى واست مینستریان داخست.
کاردیف
کوردستانیان لە بەردەم پەرلەمانى کاردیف، لە ناوەندى کاردیفى ویلایەتى وێڵزى بەریتانیا کۆبوونەوە و چالاکییان بۆ عەفرین ئەنجامدا. لەو چالاکییەکدا بێندەنگیى نەتەوە یەکگرتووەکان بەرامبەر بەهێرشى تورکیا بۆ سەر عەفرین ئیدانەکرا.
ر.م