کوردستانیان لە ٦ وڵات و ١٦ شار خۆپیشاندانیان بۆ عەفرین ئەنجامدا

کوردستانیان و دۆستەکانیان لە ئەوروپا و ئەمریکا بەردەوامن لە خۆپیشاندان بۆ پشتیوانیکردن لە عەفرین. بۆ ئەوەش لە ١٥ شاری  ئەورووپا و شارى تۆرنتۆى کەنەدا چوونە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

کوردستانیان و دۆستەکانیان لە خۆپیشاندانەکانیاندا، هێرشى تورکیا بۆ سەر عەفرین و هەروەها کۆمەڵکوژکردنى هاووڵاتیانى عەفرینیان لەلایەن دەوڵەتى تورکیا و چەتەکانى داعش و بەرەى نوسرەوە ئیدانەکرد.

کوردستانیان و دۆستەکانیان لە وڵاتى فەڕەنسا لە شارەکانى تۆلۆز، رۆچەل، لیۆن، پاریس، ڕێن، مۆنپۆلی، مارسیلیا خۆپیشاندانی جەماوەری و چالاکیى جۆراجۆریان بۆ عەفرین ئەنجامدا. خۆپیشاندەران لە شارى رێن چوونە بەردەم بارەگای ڕێکخراوى ناتۆ و ناڕەزایەتییان بەارمبەر بە هێرشى تورکیا بۆ سەر عەفرین دەربڕی.

هەروەها لە شارى تۆرنتۆى کەنەدا خۆپیشاندانێکى تر بۆ پشتیوانیکردن لە عەفرین بەڕێوەچوو.

لە بەردەوامیى خۆپیشاندانى کوردستانیان و دۆستەکانیان، لە وڵاتى ئیتالیا لە شارەکانى ڕۆماى پایتەخت و فلۆرانس و تۆرین خۆپیشاندان بۆ ئیدانەکردنى تورکیا و هێرشەکانى بۆ سەر عەفرین بەڕێوەچوون.

کوردستانیان و دۆستەکانیان لە وڵاتى نەمساش شارەکانی ڤییەناى پایتەختى نەمسا، تیرۆل، گراتز چوونە سەر شەقامەکان و بە ئەنجامدانى خۆپیشاندان و چالاکى پشتیوانیان لە عەفرین کرد.

هاوکات لە شارى ترۆنهەیمى نەرویج و لە شارى توترێختى هۆڵەنداش خۆپیشاندان بۆ پشتیوانیکردن لە عەفرین بەڕێوەچوون.

خۆپیشاندەران لە خۆپیشاندان و چالاکییەکانیاندا دروشمەکانى "بکوژ ئەردۆغان"، "تیرۆریست تورکیا"، "ئەوروپا هاوکاری بکوژ ئەردۆغانە"، "بژى بەرخۆدانى عەفرین"، "پاراستنى عەفرین، پاراستنى شۆرشى ژنە"-یان بەرزکردبووە.

کوردستانیانى خۆپیشاندەر و دۆستەکانیان لەو خۆپیشاندانانەدا، بێدنگیى دەوڵەتانى ئەوروپی و ئەمریکییان بەرامبەر بە هێرشى تورکیا بۆ سەر عەفرین و کۆمەڵکوژکردنى خەڵکى شارى عەفرین و بۆردومانکردنى شوێنە مەدەنى و گشتییەکانى وەک نەخۆشخانەى ئاڤرین-یان ئیدانەکرد.

ر.م