کۆنسەی ئەورووپا، دەربارەی باری نائاسایی لە تورکیا بێ دەنگی شکاند

ژاگلەند، سکرتێری کۆنسەی ئەورووپا، وتی؛ ئێمە لەسەر بەرفرەوانکردن و درێژکردنەوەی باری نائاسایی لە تورکیا نیگەرانین.

ژاگلەند، لە ئانکارا، قسەی بۆ خوێندکارانی بەشی یاسا کرد و وتی: لە نێو ئێمەدا زۆرن ئەو کەسانەی دەربارەی بەرفرەوان کردن و درێژکردنەوەی باری نائاسایی لە تورکیا نیگەرانن.

ژاگلەند، سەرنجی ڕاکێشایە سەر گرتنی هەواڵنێر، پەڕڵەمانتار، سەرۆک شارەوانییەکان، پارێزەرانی مافی مرۆڤ و ڕایگەیاند: ئەوکەسانەی گیراون بۆ بەدیهێنانی دێموکراسییەکی کاریگەر و بنیاتنەر، خاوەنی گرینگییەکی تایبەتین.

ژاگلەند، داواشی لە تورکیا کرد کە بۆ ئەوەی باری سەر دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا سووک بکات، با لە چوارچیوەی پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤی یەکێتیی ئەورووپادا هەڵسوکەوت بکات.

سکرتێری کۆنسەی ئەورووپا، باسی کێشەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپای بەهۆی زۆربوونی دۆسیەکانی سەر تورکیاوە کرد و وتیشی؛ 'ئەوەش مەبەستی تورکیا پێشان دەدات'. ژاگلەند، هەروەها باسی گرینگی دادگەی دەستووری کرد و ڕایگەیاند: ''ئەگەر بڕیارەکانی دادگەی دەستووری پێک نەیەن، ئەوا دەوڵەتی یاسایی تووشی قەیران دەبێت".