کەنەدییەکان: دەبێت پاپ داواى لێبوردن لەگەلانى خۆجێى بکات

حکومەتى کەنەدا ناڕەزایەتیى بەرامبەر کڵێسا پیشاندا، کە ئامادە نەبووە لەسەر "پاکتاوى کولتوری"ى گەلە خۆجێیەکانى کەنەدا داواى لێبوردن بکات.

 

لە کۆتایى سەدەى ١٩ تاوەکو ساڵانى ١٩٧٠دا، بەلانیکەمەوە ١٥٠ هەزار منداڵی گەلانى سوورپێست و ئینوێت لە بنەماڵەکانیان وەرگیرابوون و درابوونە کڵێسەى کاسۆلی. دواتر ئاشکرابوو، کە زۆربەى ئەو منداڵانە، کە لە بنەماڵە و کولتورى خۆیان دابڕێندرابوون، بوونەتە ئامانجى کردەوەى خراپ و نەشیاو.

جاستن ترویدۆ سەرۆک وەزیرانى کەنەدا لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، چاوەڕێى ئەوەیان نەدەکرد، پاپا فرانسیسکۆ بەرپرسى ئایینى و رۆحیى کڵێسەى کاسۆلی، داواى لێبوردن بەرامبەر ئەو کردارانە نەکات، کە لە دژى منداڵە خۆجێیەکان ئەنجامدراون.

ترویدۆ راشیگەیاند، داوا لە پاپا فرانسیسکۆ دەکەن سەردانى کەنەدا بکات و داواى لێبوردنیش بکات.

کۆمسیۆنى ئاشتى و ڕاستى لە کەنەدا بۆ لێکۆڵینەوەکردن لەو بابەتە، وتەی لە ٧ هەزار منداڵ، لەو منداڵانە کە لەلاى کڵێساى کاسۆلى مابوونەوە وەرگرتبوو.

بەپێى ئەنجامى ئەو لێکۆڵینەوانە، ئەو منداڵە خۆجێیانەى کەنەدا، کە لە بنەماڵەکانیان وەرگیرابوون، تەنها لە خێزانەکانیان دانەبڕێندرابوون، بەڵکو لە ناسنامە و کولتوری خۆشیان دابڕێندرابوون و کردەوەى زۆر خراپیش لە دژیان ئەنجام درابوو.

لە راپۆرتى ئەو کۆمسیۆنەدا پێشنیاز کراوە، پاپا لە کڵێسەى کاسۆلى، بەرامبەر بەو کردەوانە و رەفتارەکانى کێڵسە داواى لێبوردن بکات.

ر.م