گروپە چەتەکەى موعتەسەم لەلایەن تورکیاوە راهێنانیان پێکراو و رەوانەى لیبیا کران

گروپێک لە چەتەکەى لیوای موعتەسەمی سەر بە دەوڵەتى تورک، کە ژمارەیان ٢٤٠ چەتەیە گواسترانەوە بۆ لیبیا. گروپێک چەتەی تریش، کە لە ئێستادا لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە راهێنانیان پێدەکرێت بڕیارە بەمزوانە رەوانەى لیبیا بکرێن.

دەوڵەتى تورک و گروپە چەتەکەى بە ناوی 'سوپای نیشتمانی' بەردەوامن لە ناردنی چەتەکانیان بۆ لیبیا تاوەکو یارمەتیی 'حکومەتى هاوپەیمانیی نیشتمانی' فەیاز سەڕاج لە لیبیا بدەن، کە لە دژی سوپای نیشتمانیی لیبیا و پەرلەمانى ئەو وڵاتە لە شەڕدان.

بەپێی نوێترین زانیارییەکان، ٢٤٠ چەتە لە گروپە چەتەکەى لیوای موعتەسەم لە تورکیاوە نێردراون بۆ لیبیا و لە ناوچەى سەڵاحەدین جێگیرکراون. گروپێکى تری چەتە کە لە ٢٠٠ چەتە پێکدێن و سەر بە گروپە چەتەکەى لیوای حەمزەن و لە ناوچەى کیلیس لە پارێزگای دیلۆک راهێنانی سەربازییان پێدەکرێت، بڕیارە رەوانە بکرێن بۆ لیبیا. راهێنانی سەربازیی ئەو گروپە چەتەیە بۆ داگیرکەری و تاڵانی و دەستدرێژی ماوەى مانگێکى تێپەڕاندوە و بەمزوانە کۆتایی پێدێت.

بەپێی رێککەتنەکەى دەوڵەتى تورک لەگەڵ هاوپەیمانیی فەیاز سەڕاج لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ لە ئیستەنبول، دەوڵەتى تورک گروپە چەتەکانى خۆی، کە لە سوپای نیشتمانیی سوریادا کۆی کردوونەتەوە رەوانەى لیبیا دەکات.

رێکخراوی چاودێریی مافەکانى مرۆڤ لە سوریا کە بارەگاکەى لە شاری لەندەنی پایتەختى بەریتانیایە راگەیاندووە،دەوڵەتى تورک لە ٢ی ئایارەوە تاوەکو ئێستا ٧ هەزار و ٤٠٠ چەتەى رەوانەى لیبیا کردووە و لەو ژمارەیە ٢٤٩ چەتەیان کوژراون.

ژ.ت