گیان لەدەستدانى کۆچبەران لە دەریاى سپیى ناوەڕاست رووی لە زیادبوون کردووە

لە دواى ئەوەى حکومەتى نوێى ئیتالیا رێوشوێنى قورسى لە دژى کۆچبەران گرتەبەر و هەروەها بە هۆی سیاسەتەکانى یەکێتیى ئەوروپا لە دژى پەنابەران، ژمارەى ئەو کۆچبەرانەى لە دەریانى ناوەڕاست گیان لە دەست دەدەن، رووی لە زیادبوون کردووە.

بەپێى ئامارى کۆمسیاریاى باڵاى پەنابەرانى نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR)، ژمارەى ئەو کۆچبەرانەى لە ساڵی ٢٠١٥ەوە لە دەریاى سپیى ناوەڕاستدا و لە کاتى کۆچکردن بۆ ئەوروپا گیانیان لە دەستداوە رووی لە زیادبوون کردووە.

تاوەکو ژمارەى کۆچبەران روو لە کەمبوون دەکات ژمارەى گیان لە دەستدان بەرزتر دەبێتەوە

بەپێى ئەو ئامارە، لە ساڵی ٢٠١٥دا ١ ملیۆن و ١٥ هەزار کۆچبەر لە دەریاى سپیى ناوەڕاستەوە بەرەو یەکێتیى ئەوروپا رۆیشتوون. لە ساڵی ٢٠١٦دا ئەو ژمارەیە نزیکەى ٣٦٣ هەزار کەمیکردووە. ئەو ژمارەیە لە ساڵی ٢٠١٧دا بووە بە ١٧٢ هەزار و ئەمساڵیش بووە بە ٥٥ هەزار کەس.

سەربارى کەمبوونەوەى رێژە و ژمارەى کۆچ بەرەوە ئەوروپا، بەڵام رێژە و ژمارەى گیان لە دەستدانى کۆچبەران لە دەریاى سپیى ناوەڕاست و دەریاى ئیجە رووی لە زیادبوون کردووە. لە ساڵی ٢٠١٥دا نزیکەى ملیۆنێک کۆچبەر بە دەریاى سپیى ناوەڕاستدا تێپەڕیون بەرەو ئەوروپا و لەو ژمارەیە رێژەى ٠.٤ لە کۆچیبەران گیانیان لە دەستداوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٦دا ئەو رێژەیە بۆ ١.٤ بەرزبووەتەوە و ساڵی ٢٠١٧دا رێژەکە گەیشتوەتە ١.٨.

رێژەى گیان لەدەستدانى کۆچبەران لە ساڵی ٢٠١٨دا لە دەریاى سپیى ناوەڕاست ژمارەى پێوانەیى تۆمار کرد. لە ٢٠١٨دا ٥٥ هەزار کۆچبەر گەیشتنە ئەوروپا و بەلانیکەمەوە هەزار و ٤٧٧ کۆچبەر لە دەریاى سپیى ناوەڕاستدا گیانیان لە دەستداوە و خنکاون. ئەو ژمارەیەش دەکاتە رێژەى ٢.٧ى ئەوکۆچبەرانەى لە ساڵێ ٢٠١٨دا لە دەریاى سپیى ناوەڕاستەوە بەرەو ئەوروپا کۆچیان کردووە.

سیاسەتەکانى ئیتالیا و تورکیا هۆکاری گیان لەدەستدانەکانن

لە دواى گفتوگۆکانى یەکێتى ئەوروپا لە گەڵ تورکیا لە ساڵی ٢٠١٦دا و واژۆکردنى رێککەوتننامەى پێشگرتن لە چوونى کۆچبەران بۆ ئەوروپا، ئەو رێککەوتنە کاریگەریى لەسەر کۆچبەران دروستکردووە و بووەتە هۆی ئەوەى ژمارەى گیان لەدەستدانى کۆچبەران روو لە زیادبوون بکات.

هاوکات رێککەوتنى نێوان لیبیا و ئێتالیا و یەکێتیى ئەوروپا بووە هۆکارێکى تر بۆ ئەوەى رێژەى گیان لە دەستدانى پەنابەران لە دەریاى سپیى ناوەڕاست روو لە زیادبوون بکات.

ر.م